ڕاگەیەندراوی بەرشەلۆنە دەربارەی پێکانەکەی لیڤاندۆڤسکی

وەرزش

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 382

ڕاچڵەکین سپۆرت -

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ڕایگەیاند، ڕۆبەرت لیڤاندۆڤسکی هێرشبەری پۆڵەندی تووشی پێکانێکی ماسولکەکانی ڕانی چەپی بووە، بەبێ ئەوەی دیاری بکات کە تا چەند لە یاریگاکان دووردەکەوێتەوە.

لیڤاندۆڤسکی پشکنینی پزیشکی بۆ ئەنجامدرا لەسەر ئەو پێکانەی کە لە یارییەکەی بەرشەلۆنە بەرامبەر سێلتاڤیگۆ تووشی بوو، ئێوارەی ڕۆژی شەممە، لە گەڕی ٣٢ی خولی ئیسپانیا.

ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی بڵاویکردەوە، لیڤاندۆڤسکی تەمەن 36 ساڵ ئەگەری هەیە بۆ ماوەی سێ هەفتە لە یاریگاکان دووربکەوێتەوە، واتە لە یارییەکەی بەرامبەر ڕیال مایۆرکا و یاری کۆتایی جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر ڕیال مەدرید و لە قۆناغی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگی لە هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوە بەرامبەر ئینتەرمیلان بەشداری ناکات.

پێکانەکەی لیڤاندۆڤسکی گورزێکی گەورەیە لە پلانەکانی هانسی فلیکی ڕاهێنەری بەرشەلۆنە لەم قۆناغە گرنگەی ئەم وەرزەدا، هێرشبەرەکەپۆڵەندییەکە باشترین وەرزی لە بلاوگرانا پێشکەش دەکات و لە 48 یارییدا 40 گۆڵی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان تۆمار کردووە و هەروەها بە 25 گۆڵ گۆلکاری خولی ئیسپانییە.

شایانی باسە بەرشەلۆنە لەم وەرزەدا سێ یاری بەبێ لیڤاندۆڤسکی ئەنجامداوە، تیپەکە سەرکەوتنی گەورەی بەسەر مایۆرکا و ڕیاڵ بێتیس و ڤالێنسیا تۆمارکردووە و لە هەر یارییەکدا پێنج گۆڵی تۆمارکردووە.

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن