نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان
راچڵەكین -
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، نێچیرڤان بارزانی دوای كۆتاییهاتنی سەردانەكەی بۆ بەغدا، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، بەرەو تاران-ی پایتەختی كۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێدەكەوێت.
لە راگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی هەرێمدا هاتووە، سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ تاران، بە بانگهێشتێكی فەرمییە بۆ بەشداریكردن لە دیداری تاران بۆ گفتوگۆ، كە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامییەوە رێكدەخرێت و سبەینێ یەكشەممە بەڕێوەدەچێت.
سەرۆكایەتی هەرێم ئاماژەی بەوەكردووە، بەشداریكردنی نێچیرڤان بارزانی لە دیداری تاران، دووپاتكردنەوەی پشتگیریی هەرێمی كوردستانە بۆ هەوڵەكانی گفتوگۆ و بەهێزكردنی هاوكاریی بنیاتنەری نێوان وڵاتان و گەلانی ناوچەكە، لەپێناو ئارامی و سەقامگیری، یەكترتەواوكردنی ئابووری و پێكەوەژیانی ئاشتیانەدا.
بەپێی كارنامەی دیدارەكە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە مێزگردێكدا، تیشك دەخاتە سەر دیدگای هەرێمی كوردستان بۆ داهاتووی ناوچەكە و جەخت لە هاوبەشی لەسەر بنەمای ڕێزلەیەكگرتن و بەرژەوەندییە هاوبەشەكان، دەكاتەوە.
هەر لە میانی سەردانەكەیدا، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەركردە و بەرپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران كۆدەبێتەوە و پەیوەندییەكانی ئێران لەگەڵ عیراق و هەرێمی كوردستان و دۆخی ناوچەكە بەگشتی، تاوتوێ دەكەن.