راچڵەكین -
بە فەرمی كەرتی غەززە وەك ناوچەیەكی كارەساتبار لەڕووی ژینگەیی و بنیاتنانەوە دەناسێندرێت، حكومەتی خۆجێی كەرتەكەش ئاشكرایدەكات، نزیكەی 20 هەزار بۆمب و مووشەكی نەتەقیوە لە كەرتەكەدا هەیە، كە مەترسییەكی گەورە لەسەر ژیانی هاووڵاتیان دروستدەكات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-10-2025، حكومەتی خۆجێی لە كەرتی غەززە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەدوای زیاتر لە دوو ساڵ شەڕی بەردەوام، كە تێیدا سوپای ئیسرائیل بەهەموو جۆرە چەك و تەقەمەنییەك ناوچەكەی بۆردومان و خاپوور كرد، لەئێستادا كەرتی غەززە لەڕووی ژینگەیی و بنیاتنانەوە بووەتە ناوچەیەكی كارەساتبار.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، هێرش و بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیل بووەتە هۆی كۆبوونەوەی لانیكەم 70 ملیۆن تۆن پاشماوە و داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەكان، لەگەڵ بوونی نزیكەی 20 هەزار بۆمب و مووشەكی نەتەقیوە، كە مەترسییەكی هەمیشەیی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان دروستدەكات.
لەدوای رێككەوتنی ئاگربەست و كۆتایی هاتنی جەنگ لەكەرتی غەززە، كە ماوەی چەند رۆژێكە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، نەتەوەیەكگرتووەكان ئاشكرایكرد تێچووی ئاوەدانكردنەوەی كەرتی غەززە بە نزیكەی 70 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، چەندین ساڵیش پێویستە بۆ لابردنی پاشماوەی جەنگ و خاوێنكردنەوەی كەرتی غەززە لە داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەكان.