ڕاچڵەکین سپۆرت -
ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسکی هێرشبەری پۆڵەندی و یانەی بەرشەلۆنە، یانە کەتەلۆنییەکەی توڕە کرد دوای ئەوەی لە یاریی هەڵبژاردەکەی دووچاری پێکان دەبێت و داوای گۆڕانکاری ناکات و یارییەکە تەواو دەکات.
ئەم بڕیارەی لیڤاندۆڤسکی بارسای تووشی سەرسوڕمان کرد، دوای ئەوەی یاریزانە تەمەن 37 ساڵەکە لە کاتی یاری یەکشەممەی ڕابردوو بەرامبەر لیتوانیا دووچاری پێکان دەبێت بەڵام تاکوو کۆتایی یارییەکە بەردەوام دەبێت و دواتر دوای یارییەکە پشکنینی پزیشکی بۆ دەکرێت و دەردەکەوێت بۆ ماوەیەکی زۆر لە یاریگاکان دووردەکەوێتەوە.
ڕۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، لیڤاندۆڤسکی لە کاتی یارییەکەدا هەستی بە هەندێک ئازار لە ڕانی چەپی کردووە، بەڵام یاریگای بەجێنەهێشتووە. بەڵکو بڕیاریدا بەردەوام بێت لەکاتێکدا باندجێکی لەسەر شوێنی پێکانەکە بەستبوو بۆ ئەوەی ئازارەکە کەم بکاتەوە.
لیڤاندۆڤسکی لە ڕاستیدا یارییەکەی تەواو کرد و گۆڵی دووەمی پۆڵەندای تۆمارکرد، بارسا بە هەڵسوکەوتی ئەو یاریزانە توڕە بووە، بەتایبەتی یاریزانێکی خاوەن ئەزموونی بەرزە و ئاگاداری جەستەی خۆیەتی، ئەوەی زیاتر یانە کەتەلۆنییەکەی ناڕەحەت کرد، پێکانەکە لە هەمان ئەو ناوچەیە ڕوویدا کە سەرەتای وەرز تووشی ببوو.
ئامادەنەبوونی لیڤاندۆڤسکی لە پێکهاتەی بارسا لە کاتێکی سەختدایە، چونکە هانسی فلیکی ڕاهێنەر ناچار دەبێت بۆ ماوەی مانگێک لە پلانەکانی دووریبخاتەوە، ئەمەش مانای وایە بەدڵنیاییەوە لە یارییەکانی ئیل کلاسیکۆ بەرامبەر ڕیال مەدرید لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەشداری ناکات.