ڕاچڵەکین سپۆرت -
ڕۆژنامەی لاگازێتا دیلۆ سپۆرتی ئیتاڵی بڵاویکردووەتەوە، یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی چاوی لەسەر کێنان یڵدیز ئەستێرەی یانەی یۆڤانتۆس داناوە، دەیەوێت لە داهاتوویەکی نزیکدا گرێبەستەکەی لەگەڵدا بکات.
ئەستێرە تەمەن 20 ساڵەکەی خانمە پیرەکە، بەیەکێک لە بەهرەمەندە نایابەکانی جیهان دادەنرێت، بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لەم وەرزە لەگەڵ یانەکەی و هەڵبژاردەی تورکیا پێشکەشی دەکات سەرنجی چەندین یانەی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە، هەردوو یانەی ئارسیناڵ و چێڵسی ئینگلیزی کێبرکێی بەدەستهێنانی ئەو ئەستێرەیە دەکەن.
یڵدز ساڵانە تەنها یەک ملیۆن و 700 هەزار یۆرۆ لە یانەی یۆڤانتۆس داهاتی هەیە، کە یەکێکە لە کەمترین مووچەکانی تیپەکە، ئەو بە گرێبەستێک کە لە مانگی حوزەیرانی 2030 کۆتایی دێت بە ئیدارەی یانەکەوە بەستراوەتەوە، یانەکەش حەز دەکات گرێبەستەکەی باشتر بکات بە بەرزکردنەوەی مووچەی ساڵانەی هاوتەریب لەگەڵ ئاستەکەی لە یاریگادا.
ڕۆژنامەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، بەرشەلۆنە گرەو لەسەر سەرنجڕاکێشی درێسەکەی دەکات، کە ڕۆژێک لەلایەن لیۆنێل میسی ئەفسانەییەوە لەبەر دەکرا، بۆ ئەوەی ئەو یاریزانە تورکییە ڕازی بکات ڕوو لە یانەکە بکات. هاوکات ئارسناڵ ئامادەکاری دەکات بۆ پێشکەشکردنی ئۆفەرێک بۆ کڕینی.
چێڵسی دەستبەرداری ئەو یاریزانە نەبووە، هاوینی ڕابردوو 67 ملیۆن یۆرۆی پێشکەش کردبوو، بەڵام یۆڤانتۆس ڕەتیکردەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە یڵدز کراوەیە بەڕووی بیرۆکەی بەردەوامبوونی لەگەڵ یۆڤانتۆس بەو مەرجەی مووچەی ساڵانە تا شەش ملیۆن یۆرۆ وەربگرێت، ئەمەش بۆ ئیدارەی ئیدارەی یانەکە ئاسان دەبێت، کە بەنیازی ئەوە بووە هەر وەرزێک 10 ملیۆن یۆرۆی پێشکەش بکات بۆ ئەوەی ڕازی بکات بمێنێتەوە.