دەرباز کۆسرەت رەسوڵ: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەوردی چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردن بن

کوردستان

26/09/2024     ژمارەی بینراو 459

راچڵەکین-

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26-9-2024، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە شاری هەولێر، پێشوازی لە فرانسیسک ریڤیولتو لاناو، نوێنەری یونامی لە هەرێمی کوردستان کرد. 

دەرباز کۆسرەت رەسوڵ لەبارەی کۆبوونەوەکەوە رایگەیاندووە: تیشکمان خستەسەر دوایین پێشهاتەکانی عێراق و دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، جەختمان لە گرنگی هەڵمەتێکی ئاشتیانە و مەدەنیانە کردەوە، هەروەها هاندانی هاونیشتمانیان بۆ بەشداریکردنی بوێرانە و ئازادانە لە پرۆسەی دەنگدان. 

دەشڵێت: لە میانەی گفتوگۆماندا  جەختمان کردووە کە نوێنەری وڵاتان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە بەوردی چاودێری هەڵمەتی بانگەشە و پرۆسەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بن، چونکە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەبێتە سەنگی مەحەک بۆ گەڕاندنەوەی باڵانسی هێز لە حکومڕانی هەرێمی کوردستاندا. 

ئاماژەی بەوەش کرد، بەڕێز لاناو پابەندبوونی یونامی دووپاتکردەوە لە پاڵپشتیکردن لە پرۆسەی هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە و رەخساندنی ژینگەیەکی گشتگیر و پارێزراو بە بەشداریکردنی سەرجەم چین و توێژەکانی هەرێم.

 

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن