روانگەی سوری: زیاتر لە 1000 كەس لەدوو رۆژدا كوژراون

جیهان

09/03/2025     ژمارەی بینراو 214


راچڵەكین-

روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ، ئاماری دوو رۆژی رابردووی شەڕو پێكادانەكانی نێوان چەكدارانی دەسەڵاتی نوێی سوریاو پاشماوەكانی رژێمی ئەسەد بڵاوكردەوە.

بەگوێرەی راپۆرتەكەی روانگەی سوری، لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا لەهەردوو پارێزگای تەرتوس و لازقیە 125 چەكداری سەر بە هێزەكانی ئەحمەد شەرع، سەرۆكی دەسەڵاتی نوێی سوریاو 148 چەكداری سەر بەرژێمی پێشووی ئەو وڵاتە كوژراون، هاوكات زیاتر لە 700 هاوڵاتی مەدەنی كە زۆربەیان سەر بە عەلەویەكانن، لەلایەن چەكدارانی سەر بەشەرعەوە كوژراون.

لەلایەكی ترەوە، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری سوریا بە ئاژانسی هەواڵی سانا-ی راگەیاندووە، دوای ئەو هێرشانەی رووبەڕووی هێزەكانیان بوەوە، لەئێستادا دۆخەكە لەژێر كۆنترۆڵدایە.

چالاكوانێكی سوریش بە تۆڕی هەواڵی بی بی سی راگەیاندووە، عەلەوییەكانی سوریا كە رێژەی 10%ی دانیشتووانی ئەو وڵاتە پێكدەهێنن، لەئێستادا لەدۆخێكی ناهەموارو تۆقێنەردا دەژین، بەهۆی ئەو كۆمەڵكوژیەی لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا بەرامبەریان ئەنجامدراوە.

گێر پیدرسۆن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بە بی بی سی راگەیاندووە، هەست بە نیگەرانییەكی زۆر دەكات لەبەرامبەر ئەو راپۆرتە رۆژنامەوانیانەی كە باس لەبەئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی دەكەن لە رووبەڕووبوونەوە چەكداریەكاندا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن