راچڵەكین -
لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسان داوا لە كەناڵەكانی راگەیاندن و پێگەكانی سۆشیال میدیا دەكات كە گرتەی ڤیدیۆیی رووداوی بەنزینخانەكەی هەولێر بسڕنەوە.
لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ راچڵەكین نێردراوە، لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسان داوا دەكات “بۆئەوەی زیاتر كێشەی نەتەوەیی و راسیزمی بۆ ئێمەی كورد و برا عەرەبەكانمان دروست نەبێت” گرتەی ڤیدیۆیی رووداوی بەنزینخانەكەی هەولێر بسڕنەوە.
دەقی راگەیەندراوەكە:
داواكارییەك بۆ سەرجەم كەناڵەكان و تایبەت بۆسۆشیاڵ میدیاكانمان
پاش ئەوەی روداوێكی نەخوازراو لە یەكێك لە بەنزینخانەكانی هەولێر رویداو دەنگۆیەكی ئێجگار گەورەی لێكەوتەوە، زۆربەی كەناڵەكانمان ڤیدیۆی روداوەكەیان گواستەوەو ئێستاش دەیگوازنەوە.
لە سەروبەندی ئەم روداوەدا شەپۆلێكی راسیزمانەی لەلایەن هەردوولاوە لێكەوتوەتەوەو رۆژبەرۆژ بەرەو ناخۆش و ناخۆشتر دەڕوات و بێهیواین لەوەی بیری لۆجیك زاڵ ببێت بەسەر تایەفەگەریی و توندەڕەویدا، بۆیە سەرباری ئەوەی نەدەبوو ئەو ڤیدیۆیە بەو فراوانییە بڵاوببێتەوە بەڵام ئێستا بەناچارییەوە داواتان لێدەكەین هەوڵی تەواو بدەن ئەو گرتەیە بسڕنەوەو لەوە زیاتر كێشەی نەتەوەیی و راسیزمی بۆ ئێمەی كوردو برا عەرەبەكانمان دروست نەكات.
هیوای ئارامیی بۆ هەموو لایەك دەخوازین
لقی سلێمانی
سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان
٨/٨/٢٠٢٥