راچڵەكین -
حكومەتی توركیا چەندین پارچە شوێنەواری مێژوویی رادەستی عیراق دەكاتەوە كە مێژووەكەیان بۆ سەردەمی شارستانییەتی دۆڵی رافیدەین دەگەڕێتەوە و پێشتر بەشێوەیەكی نایاسایی لە عیراقەوە رەوانەی ئەو وڵاتە كرابوون.
شەش تابلۆی لەقوڕ دروستكراوی مسماری، كە زانیاری ئابووری و كارگێڕی و ئاینیی سەردەمی شارستانیەتی دۆڵی رافیدەینی لەسەر هەڵكۆڵراوە، لە رێوڕەسمێكدا كە ئەمڕۆ دووشەممە 30-6-2025، لە مۆزەخانەی كۆماری لە ئەنكەرەی پایتەختی توركیا، رادەستی باڵیۆزخانەی عیراق لەو وڵاتە كرایەوە.
ئەو شوێنەوارە مێژووییانە، كە گومان دەكرێت لە ساڵانی رابردوودا لەلایەن قاخچییەكانی شوێنەوارەوە دزرابن و بەنایاسایی رەوانەی توركیا كرابن، لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگزاری توركیاوە پارێزاربوون و لە مۆزەخانەی كۆماری لەو وڵاتە نمایشكرابوون.
گەڕاندنەوەی ئەو شەش پارچە شوێنەوارە دێرینە، لەچوارچێوەی هەوڵەكانی حكومەتی عیراق دێت بۆ وەرگرتنەوەی سەرجەم شوێنەوارە دزراوەكانی، كە مێژووی كۆنی شارستانییەكانی دۆڵی رافیدەینی لەسەر تۆماركراوە.