ڕووسیا تاقیكردنەوە كلینیكیەكانی ڤاكسینێكی دژە شێرپەنجە دەستپێدەكات

تەندروستی

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 87

راچڵەكین-

بەرپرسی پزیشكانی گرێ شێرپەنجەییەكان لە وەزارەتی تەندروستی ڕوسیا ڕایگەیاند، لە ئێستادا ڤاكسینی دژە شێرپەنجەی ئینترۆمیكس Enteromix ڕووسیی، لە قۆناغی یەكەمی تاقیكردنەوە كلینیكییەكاندایە.

ئەندرێ كابرین ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئێستادا پزیشكان كار لەسەر دیاریكردنی ژەمی گونجاو و هەڵسەنگاندنی بەرگەگرتنی جەستە بۆ ڤاكسینەكە دەكەن.

دوای تەواوكردنی ئەم قۆناغە و پەسەندكردنی ئەنجامەكانی قۆناغی یەكەم، توێژینەوەكە دەچێتە قۆناغی دووەم و سێیەم.

"دەرمانەكە تەنها دوای تێپەڕاندنی سەرجەم قۆناغەكان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییە پەسەندكراوەكان، بەبێ هیچ پەلەكردنێك كە ڕەنگە كاریگەری لەسەر سەلامەتی هەبێت، دەخرێتە بازاڕەوە." كابرین وا دەڵێت.

ڤاكسینی ئینترۆمیكس Enteromix لەلایەن پسپۆڕانی سەنتەری نیشتمانی بۆ توێژینەوەی پزیشكی تیشك، بە هاوكاری لەگەڵ پەیمانگای ئێنگلهارت بۆ بایۆلۆجیای مۆلیكولەیی پەرەی پێدراوە، ئەنجامی ئومێدبەخش و كاریگەریشی بەرزی لە تاقیكردنەوە پێش كلینیكییەكاندا نیشانداوە.

ڕووسیا كە پێشتر ڤاكسینی ڤایرۆسی كۆرۆنای سپۆتنیك ڤی پەرەپێدا، هەوڵدەدات شوێنێك بۆ خۆی لە پێشبڕكێی جیهانی بۆ پەرەپێدانی ڤاكسینی چارەسەری شێرپەنجە لەسەر بنەمای تەكنەلۆژیای messenger RNA (mRNA) دەستەبەر بكات، هەمان ئەو تەكنەلۆژیایە كە لە سەردەمی پەتاكەدا كاریگەری زۆری سەلماند.

 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن