"هەر كەسێك بەرپرس بووە لە دواكەوتنی مووچە لە مردنی دایكم بەرپرسیار دەبێت"

هەمەڕەنگ

1 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 635

راچڵەكین-

لۆلان-ی كچی خانمە هونەرمەند نەرمین قادر باس لەدۆخی تەندروستی دایكی دەكات و دەڵێت:" رۆژانە دایكم وەك مۆم بەبەرچاومەوە دەتوێتەوە."

لۆلان ئازاد، لەنووسینێكدا لەهەژماری تایبەتی خۆی لەفەیسبووك، رەخنە لەدەسەڵاتداران دەگرێت و دەڵێت:" حكومەتی هەرێم ئەگەر تۆ لە كاتو ساتی خۆتدا مووچەت بدایە بە دایكم من مانگی سێ نەشتەرگەری جگەرم بۆ دایكم دەكرد گرێكانی جگەری و سەری نەدەگەیشتنە ئەم حاڵتە مەترسیدارەی ئێستا و بەم شێوەیە بڵاو نەدەبوەوە."

دەقی نووسینەكەی لۆلان ئازاد كچی هونەرمەند نەرمین قادر:

هەر كەسێك بەرپرس بوە لە دواكەوتنی موچە لە مردنی دایكم بەرپرسیار دەبێت،دایكم لەگەڵ خانەنیشینان هەشت مانگە موچەی وەرنەگرتوە، دایكم لەگەڵ ئەزیزان و خۆشەویستانی خانەنیشینانی بە زۆرەملێكەی ساڵی پار لە ، مانگی یانزەی ساڵی  پارەوە موچەی وەرنەگرتوە، بەهۆی بارگرانی دارایی  و قەیرانی ئابوری و موچەی  هەرێم خێزانەكەی ئیمەش بێ بەش نەبوە لەم دۆخە قورسەی كە ئەمڕۆ كوردستانی پێدا تێپەڕ دەبیت سەرباری ئەوەش دایكم نەخۆشی شێرپەنجەی مەمكی پلە چوارە پرۆسێسی چارەخوازیەكی نرخێكی خەیاڵی دەوێت.
 
باسی ئەزموون و شۆڕش و مێژووی خەباتی هونەری دایكم ناكەم، چونكە بێ ئەرزشترین چین لەم كۆمەڵگایە لە چاوی دەسەڵاتەوە چینی ڕۆشنبیران و هونەرمەندان و ڕۆژنامەنوسانن. 

باسی خزمەتی مامۆستایی دایكم ئەكەم كە ساڵەكانی تەمەنی خزمەتەكەی بۆ ئەم كۆمەڵگایە زیاترە لە تەمەنی كابینەی حكومەتی كوردی و بە 42 ساڵ خزمەت خانەنیشین كراوە.
 
حكومەتی هەرێم ئەگەر تۆ لە كاتو ساتی خۆتدا موچەت بدایە بە دایكم من مانگی سێ نەشتەرگەری جگەرم بۆ دایكم ئەكرد گرێكانی جگەری و سەری نەئەگەیشتنە ئەم حاڵتە مەترسیدارەی ئێستا و بەم شێوەیە بڵاو نەدەبوەوە ، زووتر دەمبرەدوە بۆ چارەسەركردن بۆ شاری بەغدا، ئەگەر ئێوە لەكاتی خۆی ئیكرامیە و  دوانزە مووچە بنەرەتیەكەیتان بدایە بە دایكم  ئێستا دایكم لە قۆناغێكی تری چارەسەریدا دەبوون نەدەگەشتە ئەم ئاستە مەترسیدارەی ئێستاو بڵاوبونەوەی گرێكانی.

زۆر شتی تر هەیە بیڵێم كەلەژێر دەسەڵاتی ئێوە بەسەر خانەوادەكەم هاتوە ، بەڵام ئەمەی دایكم لەهەمویان بەئازاراترە كە ڕۆژانە بەبەر چاومەوە وەكو مۆمێك دەتوێتەوە.
 
دەسەڵاتادارانی هەرێم ئەوانەی هەموتان دەستان هەبووە لەدۆخی موچەی فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێمی كوردستان خوێنی دایكم لە ئەستۆی ئێوەیە، با مێژوو شایەتحاڵ بێت خاتونێكی ڕێچكە شكێنی سەردەمی خۆی،خاتونێكی شۆڕشگێر كە شانۆ و ژیانی ڕۆژانەی و خانەوادەكەی و هاوسەرە شەهیدەكەی ، مامۆستایەك كە چەندان نەوەی فێری ئەلف و بێی زمانی شیرینی كوردی كرد، سەرتاپای بۆ خاك و نیشتیمان و  بۆ میلەتەكەی بوو ،  بەهۆی بێ موچەیەوە نەیتوانی نەخۆشیەكەی چارەسەر بكات گەشتۆتە ئاستی ڕۆحكێشان لەسایەی دەسەڵاتی ئێوە .

 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن