راچڵەكین -
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی جەختیان لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی كردەوە لەسەر بنەمای دەستوور.
بەگوێرەی راگەیاندراوێكی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ 4-10-2020، مەسرور بارزانی لەگەڵ فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و فەریق عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق كۆبووەوەو گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی عێراق و ناوچەكە و گرنگیی هەماهەنگیی ئەمنییان تاووتوێكرد، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی تیرۆریستانی داعش، بەتایبەتی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
لەبەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، هەردوولا جەختیان لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی كردەوە لەسەر بنەمای دەستوور.
سەردانەكەی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی بۆ هەولێر، دوای چەند رۆژێك دێت لە هێرشە مووشەكییەكەی نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، كە دژەتیرۆری كوردستان، چەكدارانی حەشدی شەعبی بە ئەنجامدانی هێرشەكە تۆمەتبار كرد.