بێگەرد تاڵەبانی رەخساندنی هەزاران هەلی كار رادەگەیەنێت

کوردستان

24/11/2020     ژمارەی بینراو 510

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان

راچڵەكین –

وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد، حكومەت پرۆژەی دروستكردنی نۆ بەنداوی گەورە و ستراتیژی ئامادە كردووەو بەردی بناغەی كارگەیەكیش دادەنرێت، كە هەزاران هەلی كاری نوێ دەڕەخسێنێت.

بێگەرد تاڵەبانی، لەمیانەی بەشداریكردنی لە دووەمین رۆژی كۆنفرانسی ژووری بازرگانیی ئەمریكاو هەرێمی كوردستان، كە ئەمڕۆ 24-11-2020 لەڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە بەڕێوەچوو، ئاماژەی بە پلانەكانی حكومەتی هەرێم كرد بۆ پاڵپشتیكردنی جوتیاران و وتی:" ئەمساڵ بەرهەمە نێوخۆییەكان لە هەرێمی كوردستان زیاتر بوون بەراورد بە ساڵانی رابردوو، حكومەتیش بۆ پاڵپشتیكردنی جوتیاران چەند پرۆژەیەكی دەستپێكردووە".

وەزیری كشتوكاڵ ئاشكرایكرد كە حكومەتی هەرێم پرۆژەی دروستكردنی نۆ بەنداوی گەورە و ستراتیژی ئامادەكردووە، بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەنداوانەش پێویستی بە ئەزموونی وڵاتانی پێشكەوتوو هەیە، راشیگەیاند، یەكێك لەو پرۆژە گرنگانە، پرۆژەی بەبازاڕكردنی گەنمی جوتیارانە، كە حكومەت لەڕێگەی كەرتی تایبەتەوە 500 هەزار تۆن گەنمی جوتیاران دەكڕێتەوەو لەڕێگەی 13 كارگەی جۆراوجۆریش، بەرهەمی گەنمەكە دەفرۆشێتەوە.

بێگەرد تاڵەبانی باسی لە دانانی بەردی بناغەی كارگەی شەكری چەوەندەر كرد، كە لە چەند رۆژی داهاتوو دادەنرێت، وتیشی:" بە هەردوو پرۆژەكە، 8 هەزار جوتیار دەخەینەسەر كار و لەو رێگەیەشەوە هەزاران هەلی كاری نوێ دەڕەخسێت".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن