هەڵەبجە.. مۆزەخانەیەك ماوەی نیو سەدەیە كەلوپەلی كۆن و دانسقەی تێدا كۆدەكرێتەوە

هەمەڕەنگ

4 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 24

راچڵەكین -

لە هەڵەبجە هاووڵاتییەك مۆزەخانەیەكی كولتووری هەیە و چەندین كەلوپەلی كۆن و دانسقەی تێدا پاراستووە و بووەتە جێی سەرنجی گەشتیاران و خەڵكی ناوچەكە.

تاهیر عەلی عەبدولڕەحیم، ماوەی 50 ساڵ دەبێت خەریكی كۆكردنەوەی كەلوپەلی كۆن و گرانبەهایە و چەندین شتی جۆراوجۆری وەك چەك، پارە، كەلوپەلەكانی ناوماڵ و دامەزراوەكانی سەردەمی كۆنی كۆكردووەتەوە و لە خانوویەكدا لە شێوەی مۆزەخانە پاراستوویەتی.

لەبارەی دەستپێكی كارەكەی، تاهیر عەلی عەبدولڕەحیم وتی: "لە سەرەتای ساڵی 1973 بە مەبەستی كاركردن چوومە بەغدا و لەوێ نیشتەجێ بووم، دەستم بە پیشەی كرێكاری كرد و هاوكات ئەو شتانەم كۆدەكردەوە كە ئەودەم خەریكی لەناوچوون بوون و ڕێگاپێدراو بوون، لەگەڵ ئەوانەشدا پاكەتە جۆراوجۆرەكانی جگەرەم كۆدەكردەوە و لە شوێنێكدا هەڵمدەگرتن بۆ ئەوەی بتوانم زۆرترین كەلوپەلی كۆن كۆبكەمەوە و لە ئایندە بیانپارێزم".
 
تاهیر عەلی عەبدولڕەحیم وتیشی: "لە ساڵی 1979 كاتێك ئێمەیان گواستەوە بۆ كۆمەڵگای زۆرەملێ، زیاتر خواستم لەسەر كۆكردنەوەی كەلوپەلی كۆن هەبوو، هەروەها بەردەوام بووم تا دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و دواتر دەستم بە كۆكردنەوەی جۆرەكانی چەك كرد، كە ئێستا 40 جۆری چەكم لە مۆزەخانەكەمدا نمایشكردووە، كە مێژووی جۆراوجۆریان هەیە وەك چەكی جۆری ڕەشاش كە ڕووسیا دروستی كردووە و تەمەنی 100 ساڵ دەبێت، هەروەها چەندین جۆری خەنجەر و شمشێریش لە پاڵ ئەواندا نمایشكراون".

خانووەكەی تاهیر عەلی لەسەر ڕووبەڕێكی فراوان دروستكراوە و كردوویەتی بە مۆزەخانە، لە هۆڵێكی گەورەی مۆزەخانەكەدا، نزیكەی 40 چەكی جۆراوجۆر، چەندین شمشێر و خەنجەر، تەسبیح و تەلەفۆن، سوراخی و پەرداخی مس، ڕایەخ و جلوبەرگی ناوچەیی، هەڵواسراون، هاوكات ئامێرێكی پەیوەندییكردن (تەلەفۆن) هەیە كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1942 ئەوكاتەی یەكەمجار تەلەفۆن گەیشتە هەڵەبجە.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن