عیراق بە فەرمی دەستگیركردنی عەجاج حەردان تكریتی رادەگەیەنێت

عێراق

21 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 799

راچڵەكین -

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عیراق بە فەرمی دەستگیركردنی عەجاج رادەگەیەنێت، كە یەكێكە لە تاوانبارەكانی شاڵاوی ئەنفال.

ئەمڕۆ هەینی 1-8-2025، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، سەرباری بڵاوكردنەوەی دەنگۆی گیانلەدەستدانی، بەڵام هێزەكانیان دوای زیاتر لە شەش مانگ لە بەدواداچوونی هەواڵگری، توانییان یەكێك لە تاوانبارانی سەردەمی رژێمی بەعسی لەناوچوو بەناوی عەجاج حەردان تكریتی، ناسراو بە (حەجاجی نوگرەسەلمان) دەستگیر بكەن.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، دەستگیركردنی ئەو تاوانبارە لەلایەن تیمەكانی دەزگای ئاسایشی لە پارێزگای موسەننا و بەهاوكاری ئاسایشی باشووری سەڵاحەدین بووە، كە لە سەردەمی رژێمی لەناوچوودا ئەفسەری ئاسایشی گرتوخانەی نوگرە سەلمان بووەو چەندین پۆستی دیكەشی پێدراوە، لەوانە: ئەفسەری كەرتەكانی رومێسە، نەجمی، هیلال، پارێزگای موسەننا، بەسییە و دواتریش ئەفسەری كەرتی نوگرە سەلمان.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عیراق ئاماژەی بەوەكردووە، عەجاجی تاوانبار لە سەردەمی رژێمی دیكتاتۆریدا، بەشداریی لە زنجیرەیەك تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی كردووە، لەوانە پرۆسەی لەسێدارەدان و لەگۆڕنانی قوربانیانی ئەنفال لەدژی رۆڵەكانی نەتەوەی كورد كە بە زۆرەملێ راپێچی سنووری پارێزگای موسەننا كرابوون و لە گرتوخانەی نوگرە سەلمان تاوانی كوشتن و ئەشكەنجەدان و دەستدرێژی لەدژیان ئەنجامدابوو.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، كەسوكاری ئەو تاوانبارە بە ئامانجی چەواشەكردنی دەزگا ئەمنییەكان، دەنگۆی ئەوەیان بڵاوكردەوە كە عەجاج دەمێكە گیانی لەدەستداوە، بەڵام هەوڵە هەواڵگرییەكان و شیكردنەوەی زانیارییەكان و هەروەها دانپێدادانەكانی پێشووی، یارمەتیدەر بوون بۆ ئاشكراكردنی شوێنی خۆحەشاردانی لە سنووری پارێزگای سەڵاحەین، دوای تەواوكردنی رێكارە دادوەرییەكان و تۆماركردنی وتەی قوربانیان و داواكارانی مافی كەسیی، پرۆسەی دەستگیركردنی تۆمەتبارەكە جێبەجێكرا و رادەستی لایەنی لێكۆڵینەوەی تایبەتمەند كرا بەمەبەستی تەواوكردنی رێكارە یاساییەكان لەدژی. 


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن