داوادەکرێت ئەنجوومەنی وەزیران ساڵی ٢٠٢١ بە ساڵی كەمئەندامان بناسێنێت

کوردستان

03/12/2020     ژمارەی بینراو 198

راچڵەکین-

بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر و كۆمەڵە و ڕێكخراوەكانی كەمئەندامان داوادەکەن حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵی ۲۰۲۱ بە ساڵی كەمئەندامان بناسێندرێت.

لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر بڵاویکردووەتەوە، یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتییەکە لەگەڵ كۆمەڵە و ڕێكخراوەكانی كەمئەندامان کۆبووەوە و هاوڕابوون لەسەرئەوەی کە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیران ساڵی ۲۰۲۱ بە ساڵی كەمئەندامان بناسێندرێت و بوودجەیەك بۆ كاروچالاكی و بۆ چارەسەری كێشەكانی كەمئەندامان دابندرێت.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، نابێت پرسی كەمئەندامان تەنها لە چوارچێوەی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی كۆ بكرێتەوە و هەر یەك لە وەزارەتی پلان دانان، دارایی، شارەوانی، گواستنەوەو گەیاندن، پەروەردە، تەندروستی، وەرزش و لاوان و وەزارەت و دامودەزگاكانی تر خزمەتی زیاتری توێژی كەمئەندامان بكەن.

کۆمەڵە و رێکخراوەکان داوایانکرد کە ئەنجومەنێك پێك بهێندرێت و سەرجەم كۆمەڵە و ڕێكخراوەكانی تایبەت بە كەمئەندامان تێیدا ئەندام بن و ئەندامەكان بە شێوەی خولی سەرۆكایەتی ئەم ئەنجومەنە بكەن.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، دەبێت، سیستەم و میكانیزمی گونجاو دابندرێت بۆ بەهێزكردنی پەیوەندی نێوان ڕێكخراوە نێوخۆییەكان، ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و دامودەزگاكانی پەیوەندیداری حكومەت بە كاروباری كەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان، هەروەها راگەیاندن ڕۆڵی زیاتر بگێڕێت لە ئاشناكردنی تاكەكانی كۆمەڵگا بە ماف و ئیمتیازاتی توێژی كەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان.

رۆژی ٣-١٢-٢٠٢٠، هەموو ساڵێک رۆژی جیهانی خاوەن پێداویستی تایبەتەکانە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن