راچڵەکین-
لە وڵاتی میسر درامایەک بەناوی "ئەلحەشاشین" بەرهەمهاتووە کە باس لە ژیانی حەسەن ئەلسەباح سەرکردەی شیعی فیرقەی ئیسماعیلییە دەکات، ئەمەش ئێرانی نیگەران کردووە و پەخشی دراماکەی لە وڵاتەکەیدا قەدەغە کردووە.
ئەگەرچی حەسەن ئەلسەباح کەسایەتییەکی ئێرانییە، بەڵام وڵاتی میسر دراماکەی بەرهەمهێناوە و بەزمانی عەرەبییە. بەرپرسانی ئێران باوەڕیان وایە، دراماکە لە گێڕانەوەکانیدا لادانی مێژوویی زۆری تێدایە، و مەبەستی سیاسی لە پشت بەرهەمهێنانی دراماکەوە هەبووە.
بەم هۆیەشەوە بەشێوەیەکی فەرمی مۆڵەتی پەخشکردنی دراماکە بە دەزگاکانی پەخش و فیلم و دراما لە ئێراندا نەدراوە.
درامای ئەلحەشاشین لە 30 ئەڵقە پێکهاتووە، چیرۆکی دراماکە باسی حەسەن ئەلسەباح و هاوەڵەکانی دەکات، کە سەر بە فیرقەی شیعەکانی ئیسماعیلییەن لە سەدەی پێنجەمی هیجری و، لە کوێستانەکانی باکوور و رۆژئاوای ئێران جێگیربوون. بەهۆی تیرۆرە سیاسییەکانیانەوە ناوبانگی مێژووییان هەیە.
دراماکە لە میسر لە مانگی رەمەزاندا پەخشکرا و بەخێرانیی ناوبانگێکی زۆری پەیداکرد. تێچووی بەرهەمهێنانی دراماکە 12 ملیۆن دۆلار بووە و بەمەش بەیەکێک لە پڕتێچووترین دراما لە میسر و وڵاتانی عەرەبی دادەنرێت.
بەرپرسێکی ئێرانی لەبارەی دراماکەوە دەڵێت، ئەم درامایە " تیرۆر و سەرهەڵدانی دیاردەی تیرۆر پەیوەست دەدات بە ئێران و، شارەکانی قوم و ئەسفەهان وەکو سەرچاوەی تیرۆریست دەناسێنێت".