گورچیلەی بەراز لە نەخۆشێكدا دەچێندرێن

تەندروستی

23/03/2024     ژمارەی بینراو 218

راچڵەكین -

لە شاری بۆستن-ی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، پزیشكان لە نوێترین تاقیكردنەوەدا گورچیلەی بەرازێكیان لە نەخۆشێكی تەمەن 62 ساڵدا چاند، ئەمەش وەك هەوڵێك بۆ بەكارهێنانی ئەندامەكانی لەشی ئاژەڵ لە مرۆڤەكاندا.

نەخۆشخانەی گشتی ماساچۆستس بڵاویكردەوە، ئەوە یەكەمین جارە گورچیلەیەكی بەراز كە لەڕووی بۆماوەییەوە دەستكاری كراوە لە مرۆڤێكی زیندوودا بچێندرێت، پێشتر گورچیلەی بەراز بۆ ماوەیەكی كاتی لەو كەسانەدا چێندراوە كە مێشكیان لە كاركردن وەستاوە، دوو پیاوی دیكەش دڵی بەرازییان بۆ داندراوە، بەڵام هەردووكیان لە ماوەی چەند مانگێكدا گیانیان لەدەستداوە.

بەگوێرەی هەواڵێكی بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا، پزیشكەكان رایانگەیاندووە "نەخۆشەكە، كە ناوی ڕیچارد ریك سلەیمان-ە و خەڵكی ویماوسی ماساچوستسە، لەو نەشتەرگەرییەی كە رۆژی شەممەی رابردوو بۆی ئەنجامدراوە، بە باشی لە چاكبوونەوەدایەو پێشبینی دەكرێت بەمزووانە لە نەخۆشخانە دەربكرێت".

تاتسو كاوای، پزیشك نەشتەرگەری چاندن، وتی: تیمەكە باوەڕی وایە گورچیلەی بەرازەكە لانیكەم بۆ دوو ساڵ كاردەكات. هاوكات وینفرێد ویلیامس، پزیشكی تایبەت لە گورچیلەدا رایگەیاندووە،  ئەگەر كورچیلەك ئیش نەكات، ئەوا نەخۆشەكە دەتوانێت بگەڕێتەوە پڕۆسەی جیاكردنەوەی دایاڵیزی بۆ بكرێت، كە تێیدا مۆلیكۆڵە گەورەكان لە مۆڵیكۆڵە بچووكەكان لە گورچیلەدا جیادەكرێنەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن