راچڵەكین -
هەرسێ وڵاتی بەریتانیا، فەرەنسا و كەنەدا هەڵوێستیان لەدژی ئیسرائیل یەكدەخەن و رایدەگەیەنن: كاتی ئەوە هاتووە هەنگاوی زیاتر بنرێت بە ئاڕاستەی چارەسەری دوو دەوڵەتی ئیسرائیل و فەلەستین.
ئەو سێ وڵاتە گەورەیەی جیهان لە راگەیاندراوێكی هاوبەشدا سەركۆنەی بڕیارەكەی حكومەتی ئیسرائیلیان كرد بە دەستپێكردنی پڕۆژەیەكی نوێی كۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لە قودسی رۆژهەڵات، كە لە سێ هەزار و 400 یەكە پێكدێت، ئەم كارەشیان بە هەڕەشەیەكی مەترسیدار بۆسەر ئاشتی و لەباربردنی بیرۆكەی دوو دەوڵەتی ئیسرائیل و فەلەستین وەسفكرد و رایانگەیاند، ئەو كۆمەڵگە نیشتەجێبوونانە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، نایاسایین و كاتی ئەوەش هاتووە هەنگاوی زیاتر بنرێت بە ئاڕاستەی چارەسەری دوو دەوڵەتیی.
بەریتانیا، فەرەنسا و كەنەدا بڕیاریاندا چیتر كەلوپەلی بەرهەمهێنراوی كۆمەڵگەكانی نیشتەجیچبوون لە ئیسرائیل هاوردە نەكەن و رێكاریی زیاتریش لەدژیان بگرنەبەر، جەختیان لەوەشكردەوە كە بەشداریی لە كۆبوونەوەی داهاتووی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەن، كە بڕیارە لەم مانگەدا بەڕێوەبچێت و هەوڵەكانیش یەكدەخەن بە ئاڕاستەی چارەسەری دوو دەوڵەتی.
راگەیەندراوەكە هاوبەشەكەی ئەو سێ وڵاتە، هاوكاتە لەگەڵ بڕیارەكەی حكومەتی ئیسرائیل بە داخستنی كونسوڵخانەی بەریتانیا لە قودسی رۆژهەڵات وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر بڕیارەكەی حكومەتی لەندەن بە سەپاندنی سزا بەسەر كۆمەڵگە نیشتەجێبووەكانی جوولەكە لە ئیسرائیل كە لەسەر خاكی فەلەستین بنیاتنراون.