شاندەكەی هەرێم لەبەغداوە گەڕانەوە هەولێر

کوردستان

05/12/2020     ژمارەی بینراو 288

شاندەكەی حكومەتی هەرێم لەبەغدا

راچڵەكین-

شاندە تەكنیكییەكەی هەرێمی كوردستان دوای مانەوە بۆ ماوەی دوو رۆژو ئەنجامدانی زنجیرەیەك كۆبوونەوە، لە بەغداوە گەڕانەوە هەولێر.

شەوی 3/4ی ئەم مانگە شاندێكی تەكنیكیی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی بۆ دانوستاندن لەگەڵ حكومەتی عێراق گەیشتە بەغدای پایتەخت. 
 
هەر یەك لە خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغدا و عەبدولحەكیم خەسرۆ، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەندامانی شاندەكەبوون.  

پێشتر ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم رایگەیاندبوو، سەردانی شاندەكەی هەرێم بەمەبەستی گفتوگۆكردنە لەبارەی (320) ملیار دینارەكە و بودجەی 2021و پشكی هەرێمی كوردستان تیایدا.

گەڕانەوەی شاندەكەی هەرێم لەكاتێكدا دێت بڕیارە ئەمڕۆ شەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق  بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی- سەرۆكوەزیران كۆبێتەوەو تاوتوێی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2021 بكرێت، بەپێی زانیارییەكانیش، سەرجەم بڕگەكانی پرۆژە یاسای بودجەی 2021 ئامادەكراون و تەنیا ئەو بەشەی ماوە پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە.

دوای سەردانی ئەم شاندە، بڕیارە شاندێكی دیكەی باڵای هەرێمی كوردستان بچێتەوە بەغدا كە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران سەرۆكایەتی دەكات، بۆ گفتوگۆكردن دەربارەی رێككەوتنێكی گشتگیر و یەكجاری لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراقدا.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن