راچڵەكین-
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، لەپشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، رەخنە لەئەدای حزبەكەی دەگرێت سەبارەت بە چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ خۆپیشاندانەكانی چەند رۆژی رابردوو رایدەگەیەنێـت:" نابێت وەك یەكێتی كارێك بكەین خۆمان بەدژی ئەو داوایانە دەركەوین لەكاتێكدا خەڵك و كادری خۆمانن لە ناڕەحەتی و كێشەدان."
رێكەوت زەكی، لە نووسینێكدا كەلەهەژماری تایبەتی خۆی بڵاویكردووەتەوە، ئاماژەی بەوەكردووە:"وا ئەمجارەش بەھێز بەو خەڵكە ناڕازیەمان چۆڵكرد، ئەی مانگیێك و دوانیتر؟ لەڕۆژێكیتردا خۆپیشاندان ھەر دەستپێدەكاتەوە."
دەشڵێت:" خۆپیشاندانەكانی ئەم ڕۆژانە سوتانی فەرمانگەی حكومی و بارەگای حزبی و خوێن ڕشتنەكەی لێدەركەی ئەویتری داوای ڕەوان، نابێت وەك یەكێتی كارێك بكەین خۆمان بەدژی ئەو داوایانە دەركەوین لەكاتێكدا خەڵك و كادری خۆمانن لە ناڕەحەتی و كێشەدان."
رێكەوت زەكی دەپرسێت:" مەگەر چەند ڕۆژ پێش ئێستا ھاوسەرۆكێك لەبەغداو یەكێكێتریان لەھەولێر نەبون بۆ چارەسەری ئەو كێشانە، ئێستاش سەرۆكی وەفدە حكومیەكەی بۆ چارەسەری ھەمان كێشە لەبەغدا ھەر یەكێتییە، لەبەرئەوە ناكرێت ساحەی دیفاع لەو ڕەشوڕوتە چۆڵ كەین لەكاتێكدا خۆمان خەریكی حەلین!"
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت:" ئەوە ئەو غرورە بەرچاو كورتەیە كەبە كوردی بەیاسای قەرز ئەڵێت خەنجەری پشت و دوای ٣ حەفتەش بەعەرەبی وەزارەتی دارایی ئەڵێت پابەندی ناوەڕۆكەكەی دەبین، بەڕاستی من ئەگەر بەردێكم پێبێت ئەیگرمە ناوچەوانی ئەوەی ئەندازیاری ئابوری سەربەخۆو كەتنی ڕیفراندۆم بوو چونكە ئەمە دەرەنجامی ئەو كەتنان و ناڕەوێتەوە."
دەشڵێت:" ئێمە كە ٢٠١٧ ھاواری لامەركەزیمان بوو حزبەكەمان باوەڕی پێنەبوو خۆشبەختانە ٢٠٢٠ تەبەنی كرد، ئێستاش ھەر دەڵێین ناكرێ كات كراوەبێت بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ بەغداو كات كوشتن! دەكرێ پارێزگاكانی سلێمانی و ھەڵەبجە مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكەن بۆئەمەشیان ھەر پشومان درێژە! ھەروەھا خۆشگوزەرانی باوكی دەوڵەت و قەوارەشە!"