راچڵەكین-
بەهۆی سەرپێچیكردن لەرێنماییەكان و هەبوونی منداڵی خوار (18) ساڵ تیایدا، لیژنەكانی قائیمقامیەت كافتریا و بلیاردی ئەستێرە-یان لەشاری سلێمانی داخست.
لەشكر حەمید، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند:" بەهۆی هەبوونی منداڵی خوار (18) ساڵ لە شوێنەكەیدا، كافتریا و بلیاردی ئەستێرە لەلایەن لیژنەی ریستۆرانتی قائیمقامیەتەوە داخراوە."
وتیشی:" رۆژانە لیژنەی ریستۆرانتی سەربە لیژنە هاوبەشەكان، سەردانی گازینۆ، كافتریاكانی كێشانی نێرگەله و شوێنی خواردن و خواردنەوە مەستی (كحولیەكان) دەكات و لەكەموكورتی شوێنەكە و پابەندنەبونیان بە مەرج و رێنماییەكانی كاركردن دەپرسێتەوە، هەر شوێنێكیش خوارنەوە یاخود نێرگەله پێشكەش بە منداڵی نەوجەوان بكات شوێنەكەی دادەخرێت و خاوەنەكەشی روبەروی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە."
لەشكر حەمید روونیكردەوە:" یاسا رێگری لە هاتوچۆكردنی منداڵی نەوجەوان و تەمەن خوار (18) ساڵ بۆ گازینۆ، كافتریای نێرگەلە و خواردنەوە كحولییەكان كردوە، هەروەها پیشتر نوێنەرەكانی چاودێری گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی و ئەو رێكخراوانەی لە بواری پاراستنی منداڵ كاردەكەن، داوایان لە ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی كردوە رێگرییەكانی هاتوچۆكردنیان بۆ گازینۆ و كافتریا توندتر بكات، بۆیە لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانەوە خاوەن شوێنەكان ئاگاداركراونەتەوە كە تابلۆی (هاتنە ژورەوە بۆ خوار تەمەن 18 ساڵ قەدەغەیە) لە شوێنەكانیان هەڵبواسن و هیچ جۆرێك خواردن و خواردنەوە یاخود نێرگەلە پێشكەش بە مناڵی نەوجەوان نەكەن."
سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی كافتریا و بلیاردی ئەستێره دادەخرێت و خاوەنەكەشی رووبەڕووی رێكاری یاسایی توند دەكرێتەوە."