بەرپرسێكی باڵای عیراق دەستی لەكاركێشایەوە

عێراق

26/02/2021     ژمارەی بینراو 535

راچڵەكین –

وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆی شاری ناسڕییە (سەنتەری پارێزگای زیقار) كە زیاتر لە 300 كوژراوو برینداری لێكەوتەوە، پارێزگاری زیقار دەستی لەكاركێشایەوەو مستەفا كازمیش پارێزگارێكی نوێی بۆ شارەكە دەستنیشان كردو لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەشی پێكهێنا.

میدیاكانی عیراق بڵاویانكردەوە، نازم وائیلی پارێزگاری زیقار، لەژێر گوشاری خۆپیشاندەران، نامەی دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستەكەی ئاراستەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق كردو ئەویش نامەكەی پەسەندكردو پارێزگارێكی نوێی بۆ زیقار دەستنیشانكرد.

سەرۆك وەزیرانی عیراق بڕیاریشیدا بە پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەت بە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكانی شاری ناسڕییەو سزادانی ئەو بەپرسانەی كەمتەرخەم بوون لە جێبەجێكردنی داواكارییەكانی خۆپیشاندەران، كە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەكی زۆر لە خۆپیشاندەران كوژران و بریندار بوون.

خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆی شاری ناسڕییە، بە خوێناویترین خۆپیشاندان دادەنرێت، بەو پێیەی 5 خۆپیشاندەر بە تەقەی هێزە ئەمنییەكان كوژران و زیاتر لە 300 خۆپیشاندەریش بریندار بوون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن