محەمەد جەواد زەریف داوای لێبوردن لەبنەماڵەی قاسم سولەیمانی دەكات

جیهان

02/05/2021     ژمارەی بینراو 137

راچڵەكین-

وەزیری دەرەوەی ئێران، بەهۆی بڵاوبوونەوەی تۆمارێكی دەنگی كە تیایدا رەخنە لە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران دەگرێت، داوای لێبوردنی كرد.

محەمەد جەواد زەریف لە هەژماری فەرمی خۆی لە ئینستاگرام ئاماژەی بەوەداوە كە لەلایەن كەسانێكەوە قسەكانی بە مەبەستی سیاسیی بەكارهێندراون و بە رەخنەگرتنیشی لە قاسم سولەیمانی كەسوكار و خۆشەویستانی ناوبراوی ئازار داوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران نووسیوویەتی "من لە هەموو ئەوانە خۆش بووم كە تۆمەتباریان كردم و قسەیان بۆ هەڵبەستم. ئەی گەلی ئێرانی مەزن، هیوادارم تەواوی خۆشەویستانی سولەیمانی بە تایبەت كەسوكاری ئەو، من ببوورن".

محەمەد جەواد زەریف تیشكیشی خستە سەر ئەوەی كە نەیزانیبوو چاوپێكەوتنەكەی بڵاودەكرێتەوە، ئەگەرنا بەم جۆرە لەبارەی قاسمی سولەیمانی-یەوە نەدەدوا.

ئەم چاوپێكەوتنەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف لە ئاداری ٢٠٢١ لەلایەن سەعید لەیلازەوە ئەنجام درا، دوای ئەوەی لە ئەرشیفی حكوومەت دەرهێندرا و دزەی پێكرا لە ٢٥ی نیساندا لەلایەن تەلەڤیزیۆنی Iran International كە لە لەندەن پەخشی بەرنامەكانی دەكات بڵاوكرایەوە.

لە چاوپێكەوتنەكەدا وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف رەخنەی ئەوەی لە سوپای پاسداران و فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی گرتبوو كە دەست وەردەدەنە سیاسەتی دەرەوە. ئەم وتانەی محەمەد جەواد زەریف كاردانەوەی لە ئێران بە تایبەت لەنێو نەریتخوازەكاندا بەدوای خۆیدا هێنا و داوایان كرد ناوبراو دەستلەكار بكێشێتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن