ئەنجومەنی نوێنەران لێپرسینەوە لە وەزیری دارایی دەكات

عێراق

02/05/2021     ژمارەی بینراو 286

راچڵەكین –

ئەندامێكی لیژنەی دەستپاكی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، داوا لەسەرۆكایەتی پەرلەمان دەكات، بانگهێشتكردنی وەزیری دارایی بەمەبەستی لێپرسینەوە، بخرێتە كارنامەی دانیشتنی داهاتوو پەرلەمان.

یوسف كلابی ئەندامی لیژنەی دەستپاكی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە نوسراوێكدا كە ئەمڕۆ 2-5-2021، ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كردووە، داوای لێكردوون پرسی بانگهێشتكردنی وەزیری دارایی عیراق، بخەنە ناو كارنامەی دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران، بەمەبەستی لێپرسینەوە لەسەر بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دینارو سەپاندنی باجی زیاتر لەسەر هاووڵاتیان.

بڕیاربوو لەمانگی ئاداری ئەمساڵ، عەلی عەللاوی وەزیری دارایی عیراق، بانگهێشی بەردەم پەرلەمان بكرێت بۆئەوەی لەسەر هۆكارەكانی دابەزاندنی نرخی دیناری عیراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی، لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت، بەڵام بەهۆی سەرقاڵبوونی پەرلەمان بە گفتوگۆكردن لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی 2021، پرسی بانگهێشتكردنی ئەو وەزیرە دواخرا.

یوسف كلابی لە نوسراوەكەیدا بۆ دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران، هۆشداری لەو سیاسەتە داراییە داوە كە وەزیری دارایی دەگیرێتەبەرو بە هۆكارێك بۆ برسیكردنی زیاتری هاووڵاتیان و گەیاندنی وڵات بۆ كەنارێكی مەترسیدار وەسفیكردووە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن