چۆن ئازاری پشت و گورچیله‌ له‌ یه‌ك جیاده‌كرێته‌وه‌؟

تەندروستی

08/06/2021     ژمارەی بینراو 7577

چۆن ئازاری پشت و گورچیله‌ له‌ یه‌ك جیاده‌كرێته‌وه‌؟


ڕاچڵه‌كین-

گورچیلەکان، دوو ئەندامی شێوە دەنکە فاسۆلیان بە قەبارەی مستێکی دەست، لە هەردوو کەلەکەن (تەنیشتەکانی زگ)، زۆربەی جار کە ژان دەکەن، ژانەکە لە تەنیشتەکانی زگ و پشت و کەمەرە هەستی پێدەکرێت، بەڵام ژان لەو جێگایانە هەموو جارێک هۆکارەکەی گورچیلە نییە. زۆر جار ژانی گورچیلە لەگەڵ ژانی پشت تێکەڵ دەکرێت و نەخۆش نازانێت کامەیە! بەڵام بە دڵنیایی هەندێک جیاوازهەنە لە جۆری ژان و شوێنی ژان و چەندین نیشانەی دیکە کە دەکرێت هەردوو ژان لێکجیابکرێنەوە، دكتۆر ڕامان پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلە و میزەڕۆ و نەزۆکی و لاوازی سێکسی له‌م بابه‌ته‌دا چۆنیه‌تی جیاكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م دوو جۆره‌ ئازاره‌ ده‌خاته‌ ڕوو.

ژانی گورچیلە بەوە جیادەکرێتەوە کە لە تەنیشتەکانەوە سەرهەڵدەدات، ژانێکی زۆر بەهێزە بەڵام بەشێوەیەک ژانەکە لەیەک ئاست هەستی پێناکرێت، بەواتایەکی دیکە ئاستی بەهێزی ژانەکە شەپۆل دەکات لە کەم بۆ زۆر تاکو دەگاتە لوتکەی ژان، کەمێک لە لوتکە دەمێنێتەوە دواتر کەم دەبێت بۆ نزمترین ئاست، هەروەها ژانی گورچیلە لە تەنیشتەکانەوە بۆ بەشی پێشەوە و خوارووی زگ و دامێن هەستی پێدەکرێت. ژانی گورچیلە بەگوێرەی هۆکاری دروست بوونەکە هەندێک نیشانەی دیکەی لەگەڵ دەبێت وەک رشانەوە و تاو ولەرز  و هەندێک جار میز زوورانەوە یاخود خوێن میزتن. هۆکارەکانی ژانی گورچیلە لەوانەیە بەردی گورچیلە، کیسی گورچیلە، گرێی گورچیلە و هەروەها لەوانەیە پێکان و بەرکەتنی هێز بێت. زۆربەی جار ژانی گورچیلە لە یەک تەنیشت هەستی پێدەکرێت، چونکە زۆر دەگمەنە هەردوو گورچیلە بەیەکەوە بەیەک جار بارێکی وەک یەکیان لێ سەرهەڵبدات. یەکێک دیکە لە جیاکەرەوەکانی ژانی گوڕچیلە ئەوەیە ژانەکە لەگەڵ هەستان و دانیشتن و جولانەوە هیچ گۆڕانکاریەکی بەسەر نایەت (وەک خۆی دەمێنێت و بەردەوام دەبێت).

هەرچی ژانی پشتە، زیاتر لە بەشی سەرەوەی پشت و ناوەڕاست هەستی پێدەکرێت و بەرەوە خوارەوە بۆ لای کلێنچە و هەندێک جار بۆ بەشی دواوەی ڕانەکان دەڕوات، ژانەکە شەپۆڵی زیاد و کەمی نییە، بەڵام لەگەڵ هەستان و دانیشتن یاخود جولان و گۆڕانکاری لە جەستە، ژانەکە زیاد و کەم دەبێت. بە پێچەوانەی ژانی گورچیلە، ژانی پشت زۆربەی جار لە تەواوی پشت (راست و چەب و ناوەڕاست) هەستی پێدەکرێت. بە گوێرەی هۆکاری سەرهەڵدانی ژانەکە، هەندێک جار مێروولەکردن (سڕی) و بێ هێزی قاچەکانی لەگەڵ دەبێت.

ئەوەی ماوە بگوترێت، بۆ دڵنیابوون و جیاکردنەوە و دەستنیشانکردنی هۆکاری هەموو ژانێک، ئەستەمە تەنها لەڕیگای وەسف و سروشتی ژانەوەبێت، بەڵکو پشکنینی کلینیکی و تاقیگەیی و سۆنار و تیشکی سینیش پێویست دەبێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن