راچڵەكین –
سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی رایدەگەیەنێت، هێزەكانی حەشد پارێزەری یەكپارچەیی و سەروەریی خاكی عیراقە، هەر وڵاتێكیش ئەو هێزە بە میلیشیا ناوببات ناتوانێت هاوكاری عیراق بكات.
ئەمڕۆ هەینی، لەمیانی بەڕێوەچوونی چالاكییەك بەبۆنەی یادی حەوتەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی هێزەكانی حەشدی شەعبی، فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند: مەرجەعیەتی باڵای شیعە، نەخشەرێگای بارودۆخی عیراقی داڕشت و رێڕەوی دامەزراندنی حەشدی شەعبیشی دیاریكرد، هەربۆیە ئەو هێزەو تەواوی دەزگا ئەمنییەكانی دیكە، بوونەتە پارێزری یەكپارچەیی و سەروەریی خاكی عیراق.
فەیاز ئاماژەی بەوەشكرد، حەشدی شەعبی لەكاتی دامەزراندییەوە تائێستا، توانیویەتی هەماهەنگییەكی گەورە لەنێوان شیعەو سوننە دروستبكات، لەو رێگەیەشەوە بووەتە پارێزەری شكۆی حكومەت و دەوڵەتی عیراق، ئەمەش یەكێكە لەو دەستكەوتانەی كە شانازی پێوە دەكەین.
سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی رەخنەی توندیشی لەو دەوڵەتانە گرت كە هێزەكانیان وەك میلیشیای چەكدار وێنا دەكات، وتیشی:" ئەو دەوڵەتانەی كە حەشدی شەعبی بە میلیشیا وەسفدەكەن، ناتوانن پەیوەندییەكی دۆستانەو هاوكارانە لەگەڵ عیراق دروستبكەن.