پەیڕەوی مۆڵەتی خوێندن دەچێتە بواری جێبەجێكردن

کوردستان

21/06/2021     ژمارەی بینراو 475

راچڵەكین –

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، جێبەجێكردنی پەیڕەوی مۆڵەتی خوێندن ڕایدەگەیەنێت، كە بەهەماهەنگی لەگەڵ تیمەكانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران ئامادەكراوەو لە كۆبوونەوەی رۆژی 10-3-2021ی ئەنجومەنی وەزیران پەیڕەوەكە پەسەندكرا.

وەزارەتەكە لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و ڕێكخستنی مۆڵەتی خوێندن بەپێی پێداویستییەكانی دامەزراوەكانی هەرێم، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەهەماهەنگی وەزارەتی پلاندانان و دامەزراوەكانی دیكەی حكومەتی هەرێم، كاردەكەن بۆ دیاریكردنی پلان و ئەو پسپۆڕییانەی بۆ گەشەپێدانی بازاڕی كاری كوردستان گرنگن.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە پەیڕەوەكە مەرج و پێداویستییەكانی وەرگرتنی مۆڵەتی خوێندن و چۆنیەتی ڕێكخستنی پێشبڕكێ لە نێوان پێشكەشكاران خراوەتەڕوو لە پێناو زامنكردنی شەفافیەت و ڕەخساندنی هەلی یەكسان و دادپەروەری كۆمەڵایەتی.

بەپێی ئەم پەیڕەوە، فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان تەنها دەتوانن مۆڵەتی خوێندن وەربگرن بۆ درێژەدان بە خوێندن لەو زانكۆیانەی كە ئاستی زانستیان بەرزەو لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە باوەڕپێكراون، ئەمەش زامنی پاراستنی كواڵیتی ئەو بڕوانامانەیە كە لەدەرەوەی وڵات بەدەست دەهێنرێن. جیا لەوەش لەم پەیڕەوەدا ماوەی پێویست بۆ خوێندن و ماف و شایستە داراییەكان و ئەرك و بەرپرسیاریێتەكانی فەرمانبەری مۆڵەتپێدراو بۆ خوێندن دیاری كراوە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا راشیگەیاندووە، ئەم ھەوڵە دەسكەوت و دەرفەتێكی گرنگ و پڕبایەخە بەئاراستەی شەفافییەت و عەدالەت و رێگەگرتن لە زۆری و بۆری بڕوانامەی ئاست نزم و بێ كوالێتی، لە  ئیستاشدا وەزارەتەكە ئامادەكاری دەكات بۆ داڕشتنی ڕێنمایی پێویست بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی یاساو ئەحكامەكانی ئەم پەیڕەوەدا، مۆڵەتی خوێندن بۆ ناوەوەو دەرەوەی وڵات بە زوترین كات دەستپێبكاتەوە.

بۆ خوێندنەوەی دەقی پەیرەوەكە كلیك لەسەر ئەم لینكەی خوارەوە بكە:

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن