نازم دەباغ لەبارەی دانانی ئاڵای كوردستان لە فڕۆكەخانەی تاران زانیاری نوێ ئاشكرا دەكات

کوردستان

09/08/2021     ژمارەی بینراو 1601

راچڵەكین-

نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران دەڵێت، زۆرجار هەبووە وڵاتان ئاڵای كوردستانیشیان هەڵداوە بەڵام ڕاستگۆ نەبوون لەگەڵ كورد. ئاماژە بەوەشدەكات:" لەپرۆتۆكۆلی سەرۆكی هەرێمی كوردستان داواكرابوو ئاڵای كوردستان هاوشانی عیراق دابنرێت."

رۆژی 5ی ئەم مانگە لەكاتی پێشوازیكردن لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەفڕۆكەخانەی تاران، ئاڵای كوردستان دانرا، دواتر وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە" دانانی ئاڵای كوردستان لە مەراسیمی پێشوازیكردن لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە فڕۆكەخانە هەڵەیەكی پڕۆتۆكۆلی بووە."

نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەتاران، لەبارەی ئاگاداربوونی لەدانانی ئاڵاكە بەبەشی كوردی دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە:"  من ئەگەر بمزانیایە دەموت بەڵام لەگەڵ من پەیوەندی كرا وەكو نوێنەری حكومەت ئایا من چیم ئاگا لێیە؟ وتم باشترین دەلیل و بەڵگە ئەوەیە خۆتان سەیری دووربینەكانی فڕۆكەخانە (كامێراكانی چاودێری) بكەن ئەوانەی دەزانن كێ هاتووە و كێ چووە و كێ ئەو ئاڵایەشی داوەتە دەست ئەو سەربازە، بەڵێ لایەنی ئێرانی پرسیاریان لێكردم، دەشڵێت."

وتیشی:" ئەوەی من ئاگاداربووم لە ڕۆژی یەكەمیشدا كە پێشوازی لە كاك نێچیرڤان كرا ئەو مشتومڕە دروستبوو لەسەر ئاڵای كوردستان بەڵام ئەوەی ئەم كارەی كرد هەڵەیەكی پڕۆتۆكۆلی كردبوو بەلانی كەمەوە كە ئاڵای كوردستانی هەڵدەكرد دەبووایە ئاڵای عێراقیشی لەتەنیشت بووایە."

سەبارەت بەوەی ئەو ڕاگەیەندراوەی ئێران بۆ ڕازی كردنی دڵی ئەو لایەنانە بوو كە نیگەران بوون لە دانانی ئەو ئاڵایە؟ لەوەڵامدا نازم دەباغ وتی:" من پێموایە خۆی لەخۆیدا بانگهێشت كردن و پەیوەندییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانی لەوە گەورەترە لەبەرخاتری چەند لایەنێك ستراتیژی خۆی بگۆڕێت چونكە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی عیراقێكی یەكپارچەو دەستوری عیراقیدایە، هەمیشە كۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانی كردووە بەڵام وتم لەڕووی پڕۆتۆكۆلییەوە بەتەنها ئاڵای كوردستان مانای دەوڵەت بوون دەدات بۆیە بە هەڵەیەكی پرۆتۆكۆلی لەقەڵەم دەدرێت چونكە ئاڵای عیراقی لەتەنیشت نەبووە، ئەوە دەبەسترێتەوە بە سیاسەتی كۆماری ئیسلامی ئێرانی لە پێشوازیەكە و شێوازی پێشوازیان نەگۆڕی بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان چ لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە پێشوازی لێكرا چ لەلایەن سەرۆك پەرلەمانەوە هەروەها لایەنە بەپرسەكانی تری كۆماری ئیسلامی ئێرانی لە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراقدا."

نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران ئەوەش ئاشكرا دەكات:" لەپرۆتۆكۆلی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەم داوایە كرابوو كە هەرێمی كوردستانیش خاوەن ئاڵایە لەچوارچێوەی عیراقدا و لەگەڵ ئاڵای عیراقدا دابنرێت، مشتومڕێك هەبوو بەڵام ئەوە بوو كاتێك كە كاك نێچیرڤان گەیشت ئێمە چووین بۆ پێشوازی بینیمان تەنها ئاڵاكەی كوردستان هەڵدراوە دەستبەجێ دوای چەند سەعاتێك نیگەرانی لێ دروست بوو بەڵام وەكو وتم سەردانەكە گرنگ بوو نەك شێوە شەكلیەكە."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن