راچڵەكین -
لە رووداوێكی تەقەكردندا لە شاری وان-ی باكووری كوردستان، دوو برا لەلایەن چەكدارێكەوە بە سەختی بریندار كران و دوای گەیاندنیان بۆ نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی برینەكانیان، گیانیان لەدەستدا.
میدیاكانی توركیا بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ شەممە 6-9-2025، بەهۆكارێكی نەزانراو، چەكدارێك دەستڕێژی گوللەی لە دوو كەس كرد كە برای یەكترن و دواتر بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵات.
رووداوەكە لەناوچەی ئەرجیس-ی سەر بە شاری وان روویداوە، ئەوانەی هێرشیان كرایەسەر، دوو بران بەناوەكانی موسا و محەمەد دەمیر، كە خاوەنی كافتریایەكی بچووك بوون، لەئەنجامی تەقەلێكردنیان، بە سەرختی بریندار بوون، دوای گەیاندنیان بۆ نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی برینەكانیان گیانیان لەدەستدا.
لەدوای رووداوەكە، هێزەكانی پۆلیس رێوشوێنی توندیان لە شوێنی رووداوەكە گرتەبەر و هەڵمەتێكیان بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبارەكە گرتووەتەبەر، كە تائێستا دەستگیر نەكراوە و هۆكاری رووداوەكەش نەزانراوە.