"بۆ یەكێتی ئەوروپا هاتنی كۆچبەران بابەتێكی هەستیارەو هەموییان كۆكن لەسەر ئەوەی پێشگیری لێبكرێت"

چاوپێکەوتن

15/11/2021     ژمارەی بینراو 553

راچڵەكین-

نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا ڕایدەگەیەنێت، بۆ یەكێتی ئەوروپا دوای بابەتی ئاسایش، بابەتی هاتنی كۆچبەران بابەتێكی هەستیارە و هەموییان كۆكن لەسەر ئەوەی پێشگیری لێبكرێت.

دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا لەبارەی  ئەو كۆچبەرانەی لەسەر سنووری نێوان بێلارووسیاو پۆڵەندا گیریان خواردووە بەدەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند:" هەڵوێستی فەرمی ئەوەیە كە یەكێتی ئەوروپا ڕێگە نادات ئەو كۆچبەرانە بچنە ناو خاكی ئەوروپا، لەو چوارچێوەیەش جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا سەردانی لوبنان و عێراق و هەرێمی كوردستان و ئەو شوێنانە دەكات كە خەڵكی ئەو وڵاتانە لێوەی كۆچ دەكەن، لەگەڵ بەرپرسانی ئەو شوێنانە قسە دەكرێت بەمەبەستی ئەوەی كە چۆن ڕێگە بگیرێت لەوەی خەڵك بەو شێوازە بچنە ئەوروپا."

وتیشی:" ئێستا ئەو شاندە لە لوبنانن و دواتر سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستانیش دەكەن، یەكێتی ئەوروپا مەبەستێتی جگە لە پارێزگاری سنورەكانیان ئەو سەرچاوانەش وشك بكەن كە پەنابەرییان لێوەدێت لەوێوە ڕێگرییان لێبكرێت، ئەو فشارەیان وای لە عێراق كرد كە باڵوێز و كونسڵخانەی بیلا ڕوسیا لە عێراق و هەرێم دابخەن تا ڤیزە نەدرێتە خەڵك، هەروەها فشارییان خستە سەر هێڵە ئاسمانیەكانی توركیا بۆ ڕێگرن لە گواستنەوەی كۆچبەری ئەو وڵاتانە، وەكو كەناڵێكی دیبلۆماسی یەكێتی ئەوروپا سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات، چونكە پەیوەندی دیبلۆماسی لەگەڵ هەردولا هەیە. "

دلاوەر ئاژگەیی، ئەوەشی وت:" دەبێت دیراسە بكرێت بزانرێت هۆكارەكانی كۆچكردن چین؟ لە چ ناوچەیەكی هەرێمی كوردستانە زیاتر ئەو كۆچە؟ ئەوە پێویستی بە دیراسەیە من ناتوانم ئێستا لێرەدا بڵێم هۆكارەكانی كۆچ لەبەر ئەوەیە، لەسەر بنەمای ئەنجامی ئەو لێكۆڵینەوە دەتوانرێت هۆكارەكانی كۆچ دەستنیشان بكرێت و چارەسەر بكرێت. "

بەشێك لەوانەی باس لە كۆچی بە لێشاوی خەڵك و گەنجانی هەرێمی كوردستان دەگێڕنەوە بۆ نەبونی هەلیكار و ئازادی، جگە لەوەی پێشتر زیاد ڕەئوف نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆڵەندا بەدەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاندبوو:" كەیسی ئەو كۆچبەرانە زۆر زۆر زیانی داوە لە ناوبانگی هەرێمی كوردستان چونكە ئەو كەیسانەی پێشكەشی دەكەن لە پۆڵۆنیا، ئێمە لەدەسەڵاتدارانی پۆڵۆنیا و هەتا لە چاودێرە ئەوروپییەكان لێرە دەبیستین شتی زۆر ناڕاست و ناڕەوا باس دەكەن سەبارەت بە هۆكاری كۆچكردنیان، هی وای هەیە دەڵێت” من ڕۆژنامەنوسم ئەگەر لە كوردستان بژیم ئەوا دەستگیر دەكرێم و ئەشكەنجە دەدرێم، بەشێكیش لەو گەنجانە وتویانە پارتی بەزۆر دەمانێرێت بۆ شەڕی پەكەكە، ئیتر زۆر چیرۆكی هەڵبەستروای تریان دروستكردووە كە عەقڵ قبوڵی ناكات."

لای خۆیەوە، دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا دەڵێت:"كەیسی نەبونی ئازادی لە هەرێمی كوردستان كەیسێكە ڕەنگە زۆر قبوڵ نەكرێت لێرە (لە ئەوروپا)كە پەنابەر وەردەگرن، چونكە ئەوان خۆیان لەكوردستانن و دۆخەكە دەبینن ، ئەگەر سەیری سۆشیاڵ میدیای كورد بكەن دەبینین كە خەڵك بەدڵی خۆی شت دەنوسێت، هەندێك شت دەنوسرێت كە ڕەنگە بەپێی یاساكانی ئەوروپاش ڕێگە پێدراو نەبێت و لێپێچینەوەی یاسایی لەسەر دەكرێت، ئەندام پەرلەمان هەیە لەكوردستان لێدوان دەدات دەڵێت” ئازادی لەكوردستان نیە، باشە ئەگەر ئازادی نەبێت چۆن دەتوانێت لەبەردەم بیست كەناڵی ڕاگەیاندن لێدوان بدەیت بڵێی ئازادی نیە؟! واتە خۆی هەڵسوكەوتەكە پێچەوانەی بانگەشەكەیەیە و خۆی وەڵامی خۆی دەداتەوە"

"جگە لەوەی هەركەس باسی بونی مەترسی و هەڕەشە و گرتن بكات لە وڵاتەی كە كۆچی لێوەكردووە، دەبێت بە بەڵگە بیسەلمێنێت بۆ ئەو وڵاتەی كە داوای مافی پەنابەری لێدەكات. "دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حكومەتی هەرێم لە یەكێتی ئەوروپا وایوت”

چەندین جار هەواڵی ئەوە بڵاوكرایەوە كە شارەوانی میونیخ و حكومەتی ئەڵمانیا بڕیاریان داوە بە پاس ئەو كۆچبەرانەی نێوان سنوری بیلاڕوسیا و پۆڵەندا بگوێزنەوە بۆ ئەڵمانیا و مافی پەنابەرییان پێ بدات. 

بەڵام نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا دەڵێت:" كێشەكە تۆزێك ئاڵۆزە، چونكە ئەگەر وڵاتێكی وەك ئەڵمانیا یا هەر وڵاتێكی تر ئامادەبێت بۆ وەرگرتنی ئەو كۆچبەرانە دەبێت لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا هەماهەنگ بكات، یانی كۆی گشتی یەكێتی ئەوروپا هەماهەنگی لەسەر بدات بۆیە بەبۆچونی من ئەوە كەمێك قورس دەبێت بۆ ئەو وڵاتانە، جگە لەوەش زۆر جار لەلایەن هەندێك سایت و ڕاگەیاندنەوە ئەو دەنگۆیانە بڵاوكراونەتەوە بەڵام بڕوا پێكراو نەبوون. "

دەربارەی هاوكارییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو كۆچبەرانە؟ نوێنەری حكومەتی هەرێم لە یەكێتی ئەوروپا وتی:" وەك دەزانرێت بیلا ڕوسیا وڵاتێكی داخراوە نەك نوێنەرایەتی هەرێم تەنانەت حكومەتی عێراقیش نوێنەری نیە، بەڵام لەدیوی پۆڵەنداوە بڕیارە نوێنەری حكومەتی هەرێم سەردانیان بكات هەروەها پەیوەندی بە لایەنی پۆڵەندی كردووە كە دەزگای خێرخوازی بارزانی بچێت بۆ هاوكاری كردنی ئەو كۆچبەرانە. "

دلاوەر ئاژگەیی زیاتر وتیشی:"ئەوەی حكومەتی هەرێم زیاتر ڕەنگە بتوانێت بۆ ئەو كۆچبەرانەی بكات ئەوەیە هەوڵی ئاسانكاری تەواو بدات بۆ ئەو كۆچبەرانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆكوردستان. ، چونكە وڵاتی سێیەمە ناتوانرێت هیچ بكرێت. "

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن