راچڵەكین-
وابڕیارە ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ لەگەڵ پارێزگارانی سلێمانی، هەڵەبجە، سەرپەرشتیارانی ئیدارەی گەرمیان و ئیدارەی راپەڕین كۆببنەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكان كۆبوونەوەكە بۆ قسەكردنە لەسەر گرفتی كەمی داهات و دواكەوتنی دابەشكردنی مووچەی بەشێك لە توێژەكان لەو پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆیانە كە ماوەی چەند مانگێكە سەریهەڵداوە.
بڕیارە لە كۆبوونەوەكەدا پارێزگارانی سلێمانی، هەڵەبجە و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆكان، سەرجەم راپۆرت و داتای تەواوی سنوورەكانی خۆیان بخەنە بەردەست ئەنجوومەنی وەزیران كە بۆچی رووبەڕووی كێشەی دارایی بوونەتەوە.
رۆژی 11ی ئایاری 2022 مەسروور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە رۆژانی داهاتوودا لەسەر كێشە و گرفتەكانیان لەگەڵ پارێزگارانی سلێمانی و هەڵەبجە و سەرپەرشتیارانی ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین كۆدەبێتەوە.