راچڵەکین-
دوای نزیکەی دوو ساڵ لە دەستگیرکردنی تا ئێستا سلێمانی هەڵشۆیی لە گرتن و گواستنەوەی راپەڕینە و ئازاد نەکراوە، وتەبێژی پۆلیسی راپەڕینش دەڵێت:" شمول دەکات بە کەفالەت ئازادبکرێت، بەڵام تا ئێستا ئازاد نەکراوە".
شۆڕش ئیسماعیل، ئەمڕۆ یەکشەممە بە راچڵەکین-ی راگەیاند، لەگەڵ سلێمانی هەڵشۆیی 90 کەس دەستگیرکران، بەڵام سەرجەمیان ئازاد کراون تەنها خودی سلێمانی هەڵشۆیی نەبێت تا ئێستا لە زینداندا ماوە و ئازاد نەکراوە، بەڵام کات دیارینەکراوە بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان و تا ئێستاش دیارنییە کەی ئازاد دەکرێت، چونکە هەزار و 1200 هاووڵاتی سکاڵایان دژی تۆمارکردووە.
وتیشی:" بەهۆی زۆری سکاڵاکان و وردەکاری لێکۆڵینەوەوە دۆسیەی سلێمانی هەڵشۆیی هەر وەک خۆی ماوەتەوە، ئێستا بەبڕیاری دادوەر بەپێی ماددەی ٤٥٦ لە یاسایی سزادانی عیراقی لە گرتن و گواستنەوەی ڕاپەڕین راگیراوە و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە، بەڵام چونکە سکاڵاکان زۆرن بۆیە جارێ کەیسەکەی هەر وەک خۆی ماوەتەوە و لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت".
رۆژی 20-12-2020 سلێمان هەڵشۆیی کە گەنجێكی سنوری ئیدارەی راپەڕینە وەك بازرگان دەركەوتبوو خەڵكێكی زۆر پارەیان پێداوە بەمەبەستی قازانجكردن، مایەپوچبوونی خۆی راگەیاند و خاوەن قەرزەكانیش چوونە سەر ماڵەكەی، باس لەوە دەكرێت ھەڵشۆیی زیاتر لە 15 ملیۆن دۆلاری خەڵك قەرزارەو ئێستا لە پۆلیسی راپەڕین لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكەی دەكرێت.
سلێمان هەڵشۆیی لە مامەڵەکانیدا لەگەڵ خەڵکی دەستەواژەی "مامەڵەی پشدەرییانە"ی بەکارهێناوە، کە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین و دەڤەری پشدەر بە تایبەتی زۆر لەنێو کاسبکاران بەکاردەهێندرێت، ئەو کەسەی کە دەڵێت بە "مامەڵەی پشدەرییانە" ئەو کەلوپەلە یان ئۆتۆمبێلەت لێدەکڕم بە واتای ئەوەی کە مامەڵەیەکی راستگۆیانە دەکات.