روونكردنەوەیەكی بەپەلە لەبارەی نرخی تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل

کوردستان

03/06/2022     ژمارەی بینراو 372

راچڵەكین –

حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە كە نرخی تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل كرابێتە 120 هەزار دینارو لەبارەی جیاوازی نرخەكەش لەنێوان هەرێم و عیراق رایدەگەیەنێت، تائێستا لە بەغدا ئەو تابلۆیە و ئەو سیستمە نەخراوەتە كار تا بەراوردی نرخ بكرێت.

فەرمانگەی میدیاو زانیاری لە روونكردنەوەیەكدا كە ئەمڕۆ هەینی بڵاویكردووەتەوە، ئاماژەی بەوەكردووە كە بۆیەكەم جارە دەستەواژەی (KR) كە كورتكراوەی (Kurdistan Region- هەرێمی كوردستان)ە دەخرێتە سەر تابلۆی ئۆتۆمبێلی شارەكانی هەرێمی كوردستان.

دەقی روونكردنەوەكە:

روونكردنەوەیەك لە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كورستان

ئەو دەنگۆیانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاودەكرێنەوە لەبارەی نرخی تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل گوایە لە حكومەتی فیدراڵ بە ٥٠ هەزارە و لە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بە ١٢٠ هەزار دینار دەدرێتە هاووڵاتیان، دوای تاوتوێكردنی ئەم پرسە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ، ڕاستی بابەتەكە بەم شێوەیەیە:

یەكەم: بە ڕێكەوتنی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدا، بڕیاردراوە تابلۆی ئۆتۆمبێل بە ستانداردێكی نوێ و یەكگرتوو لەسەر ئاستی هەموو عێراق دروست بكرێتەوە. بەشێكی ئەم پرۆسەیە لابردنی ناوی شارەكانە و لە بری شارەكان كۆد بۆ هەر شارێك داندراوە و دەستەواژەی (KR) كە كورتكراوەی (Kurdistan Region- هەرێمی كوردستان)ە بۆ یەكەم جار دەخرێتە سەر تابلۆی ئۆتۆمبێلی شارەكانی هەرێمی كوردستان، كە ئەمە خۆی دەستكەوتێكی گرنگە و هاوتەریبە لەگەڵ پێگەی دەستووری هەرێمی كوردستان. لە پاڵ ئەمەشدا چەند جۆرێك كۆدی ئاسایشی و پارێزگاری لە ساختەكردن خراوەتە ناو ئەو تابلۆیە و لە كۆمپانیایەكی ناوداری ئەڵمانییەوە دیزاین و چاپ دەكرێت. بە هۆی ئامادەكاری خێرای وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، لە ئێستادا پرۆسەكە تەنیا لە هەرێمی كوردستان دەستی پێكردووە و دیار نیە بەغدا پێویستی بە چەند كاتی دیكە هەیە بۆ ئەوەی ئامادەكارییەكانی جێبەجێكردنی ئەو سیستمە تەواو بكات. واتا پێویستە هاووڵاتیان بزانن كە لە بنەڕەتدا لە بەغدا جارێ ئەو تابلۆیە و ئەو سیستمە نەخراوەتە كار تا بەراوردی نرخ بكرێت.

دووەم: لەبارەی نرخی تابلۆكان، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو بابەتەی ڕێكخستووە بە ڕێنمایی ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢ كە بە (ڕێنمایی دیاریكردنی شێواز و قەبارە و رەنگ و ناوەڕۆكی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كوردستان) ناسراوە و لە ژمارە ٨٢ی رۆژنامەی فەرمی وەقائیعی كوردستان لە ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٢ بڵاوكراوەتەوە. بە گوێرەی ئەحكامە داراییەكانی ئەو رێنماییە كە لە ماددەی ١١ ڕوونكراوەتەوە، نرخی جوتێك تابلۆ بۆ ئۆتۆمبێل تەنها (٦٠ هەزار دینارە) و لە پاڵیدا رسوماتی دیكەی وەكو (٥ هەزار دینار بۆ لێدانی برغو و سیكیوریتی تابلۆكان ) و ( ١٠ هەزار دیناریش رسوماتی پرۆسەكەیە) وەردەگیرێت. واتا كۆی گشتی كڕین و لێدانی دوو تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل (تەنیا ٧٥ حەفتا و پێنج هەزار دینارە).

لەبارەی بڕی ١٢٠ هەزار دینار، كە بە چەواشەكاری باس كراوە و بەراوردكاری پێ كراوە، ئەمەشیان لە خاڵی پێنجەم لە ماددەی ١١ ی ڕێنمایی سەرەوە ڕوونكراوەتەوە. ئەو كەسانەی پەلەیانە تابلۆی نوێ وەربگرن و نایانەوێت چاوەڕێ بكەن تا ساڵیانەی ئۆتۆمبێلیان بەسەر دەچێت، دەبێت دوو بەرامبەر كە دەكاتە (١٢٠هەزار دینار) بۆ جووتێك تابلۆ بدەن و رسوماتی دیكەی بورغو و پێشكەشكردنی پرۆسەكە كە (١٥ هەزارە) بدەن. بۆیە لە ڕاستیدا بۆ ئەوانەی بە نۆرەی خۆیان تابلۆ وەردەگرن نرخی كۆی پرۆسەكە (٧٥ هەزار دینارە).

سێیەم: ئایا لە بەغدا ٥٠ هەزار بۆ تابلۆ وەردەگیرێت؟ بۆ زانیاری هاووڵاتیانی خۆشەویست، حكومەتی فیدراڵ جارێ دەستی بە پرۆسەی جێبەجێكردنی تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل نەكردووە تا بڕی پارەكە دیار بێت. ئەوەی ئێستا هەیە سیستەمی كۆنە و نرخی تابلۆی كۆن ٥٠ هەزارە و جاران لێرەش هەمان نرخ بوو. ئەوەش پێویستە بگوترێت كە لە ئێستادا حكومەتی فیدراڵ پلێتی تابلۆی كۆنیشی نەماوە و ئەو بڕە ٥٠ هەزار دینارە لە بەرامبەر كاغەزێكی ئەی فۆڕە كە ژمارەكەی لەسەر دەنووسرێت و شوفێر ناچارە لە جامی پشتەوەی ئۆتۆمبێلەكەی بدات.

ئەو جۆرە بەراوردكارییەی لە میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو دەكرێتەوە، بێ ئەوەی زانیاری پێویست و ڕاست و دروست بخەنە ڕوو، كاری ئەوان بووەتە رەخنەی ڕووخێنەر و ئەو كارەیان كردۆتە پیشەی خۆیان و هەمیشە لە بۆسەدان بۆ ئەوەی زانیاری ناراست و چەواشەكار دەرخواردی خەڵكی ئازیزی كوردستان بدەن.

قەرەباڵغی بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆی شارەكان بە دوو دەوامەوە (بەیانیان و ئێواران) نیشانەی دڵخۆشی و پێشوازی خەڵكی كوردستانە لەو پرۆسەیە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٢

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن