هۆشیار عەبدوڵا: دەبێت گۆڕان هەڵوێستی خۆی روونبكاتەوە

کوردستان

27/03/2020     ژمارەی بینراو 2227

هۆشیار عەبدوڵا

راچڵەكین-

نوێنەرێكی كورد لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق داوا دەكات بزوتنەوەی گۆڕان هەڵوێستی خۆی لەبارەی دەستكاریكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم روونبكاتەوە.

هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان، ئەمڕۆ هەیینی 27-3-2020 بڵاویكردووەتەوە:"دەبێ رایگشتی كوردستان بەگشتی و لایەنگر و دەنگدەرانی گۆڕان بەتایبەتی بزانن كە ئایا گۆڕان وەك لایەنێكی بەشداربوی ئەم حكومەتە لەگەڵ دەسكاریكردنی موچەیە یا رەتیدەكاتەوە؟!"

ئەوەش لەكاتێكدا دێت، رۆژی پێنجشەممە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم كەلەپشكی گۆڕانە، لەمیانی بەشداریكردنی لەبەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنی كەناڵی رووداودا رایگەیاند:" لەو دۆخەی ئێستا، كە خەرجییەكان زیاترن لە داهات، دەبێ بیر لە دەستكاریكردنی مووچە بكرێتەوە."

لەگەڵ ئەوەی چەند رۆژێكی ماوە بۆ كۆتایی مانگی ئاداری 2020، بەڵام هێشتا حكومەتی هەرێمی كوردستان مووچەی مانگی 12ی زۆرێك لەوەزارەتەكانی دابەشنەكردووەو بڕیاروایە لەسەرەتای هەفتەی داهاتوەوە دەستبەدابەشكردنی مووچە بكرێت، دوای ئەوەی لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراق پشكی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ مانگی 3 رەوانەكرا.

هاوكات، جووتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند:" ئەو بڕە پارەیەی گەیشتووەتە ھەولێر، بە پێی بەڵگەی گواستنەوەی بانكی ناوەندیی عێراق بۆ لقەكەی لە ھەولێر و ئەژماری وەزارەتی دارایی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، مێژووی رۆژی ٢٦ ئاداری ٢٠٢٠ بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستانی لەسەرە."

لەبەرامبەردا، غالب محەمەد عەلی، كەبەهەمان شێوە یەكێكە لەپەرلەمانتارانی گۆڕان لەبەغدا نووسیوویەتی:" لە ماوەی (٢٣) رۆژدا، عێراق دوو موچەی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ناردووە كە دەكاتە (٩٠٨) ملیار دینار، بەڵام حكومەتی هەرێم، تەنیا یەك موچەی چوار وەزارەتی دابەشكردووە.

دەشڵێت:" هەروەها بۆ ڕێگریكردنی كۆرۆنا ڤایرۆس، عیراق زیاتر لە سێ ملیار دیناری بۆ هەرێم ناردوە."

 پێشتریش، دالیا فەرهاد، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاندبوو:" بەغدا لەچوارچێوەی هەوڵەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڕی 3 ملیار دینارو كەرەستەی پزیشكی رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن