هەژماری دۆناڵد ترەمپ لە تویتەر كرایەوە

هەمەڕەنگ

20/11/2022     ژمارەی بینراو 378

راچڵەكین -

دوای نزیكەی دوو ساڵ لە قەدەغەكردن و داخستنی هەژماری دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی كۆمەلایەتی تویتەر، بەبڕیاری ئیلۆن ماسك، خاوەنی نوێی تویتەر، هەژمارەكەی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا كرایەوەو بەبێ ئەوەی ترەمپ هیچ تویتێك بكات، ژمارەی فۆڵۆوەرانی گەیشتە 52 ملیۆن.

بڕیاری كردنەوەی هەژماری ترەمپ لە تویتەر، دوای راپرسییەكەی ئیلۆن ماسك هات كە رۆژی ١٨ی ئەم مانگە لەژێر ناونیشانی "ئایا ئەكاونتی ترەمپ بگەڕێتەوە؟" ئەنجامی دابوو، خاوەنی نوێی تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، لە میانی راگەیاندنی ئەنجامی راپرسییەكەدا، ئاماژەی بەوەكردووە كە 52%ی بەكارهێنەرانی تویتەر دەنگیان بە "بەڵێ" داوە.

ئیلۆن ماسك لە پەیامێكدا نووسیوویەتی: "خەڵك دەنگی داوە، هەژمارەكەی ترەمپ دەگەڕێتەوە و دەستەواژەی لاتینی "Vox Populi, Vox Dei." بەكارهێناوە كە بە واتای "دەنگی گەل، دەنگی خودایە" دێت.

تویتەر لە 9ی كانوونی دووەمی 2021دا رایگەیاند، بەهۆی هەڵكوتانە سەر كۆنگرێسی ئەمریكا، هەژماری سەرۆكی پێشووی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ-ی بۆ هەمیشە راگرتووە.

تیمی ئەمنیی تویتەر لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردبووەوە، دوای ئەوەی بەوردی لێكۆڵینەوە لە پەیامەكانی ئەم دواییەی ترەمپ و ئەو كاردانەوانە كرا كە بەهۆی ئەو پەیامانەوە هاتنە كایەوە، بەهۆی مەترسی هاندانی توندوتیژی زیاترەوە، ئەم هەژمارەمان بۆ هەمیشە راگرت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن