دەمەتەقێیەكی دەرونی بۆ هاوكەرەنتینیە كوردستانیەكان

بیروڕا

30/03/2020     ژمارەی بینراو 1752

مه‌لا به‌ختیار


پێشەكی، ئامان، تانەو تەشەرم لێ مەدەن. بەندە هیچ نەك لە كۆرۆنا نازانم، بەڵكو لە برینپێچیشدا دەستەپاچەم. تەنها گەرەكمە لەتەك دەورنی خۆم‌و هاوزمانەكانم (سۆرانی، بادینی، لوڕی‌و هەورامی)‌و هەموو مرۆڤێكی ژیاندۆست (نەك مەرگ دۆست) ئازادانە بدوێم.

ئازیزان!
زۆرجار ژیان، چاوەڕواننەكراوەكانی دێنە دی. نەك چاوەڕوانیەكان. لە دونیای سیاسەتیشدا، وایە. فەیلەسوفەكانیش چاوەڕوانیان نەدەكرد هیتلەر لە هەڵبژاردنی ئازاددا سەركەوێ‌. كەسیش نەیدەزانی ستالین دەبێتە دیكتاتۆر. نە چاوەڕوان دەكرا كۆرۆنا لە چیندا سەرهەڵبدات. نە چاوەڕوانیش دەكرا هەر لە چیندا، خەفەی بكەن. هەزاران دەرزەن بەرنامەو فەلسەفە، لە كتێبخانەكاندا تۆزی زەمانە لێیان نیشتووە، كەچى هێشتا دوژمنەكانی دیموكراسی‌و ئازادی‌و رۆشنگەری، دەسەڵاتی سیاسی‌و كۆمەڵایەتیان توندە!

كۆرۆنا، نەك مرۆڤی ئاسایی، بەڵكو زاناو پسپۆڕەكانی تەندروستیش دۆش داماوون. لە چركەسات‌و چاوترۆكانێكدا، ڤایرۆسێكی نەبینراوی ئافاتاوی، بە ملهوڕو لەخۆباییەكانی گوت: خاوەن هەرچیەك هەن‌و چەند دەسەڵاتیشتان هەیە، ئەوەتا بەرگەی ڤایرۆسێك ناگرن. ئیتر بۆ لەخۆتان بایین‌و نازی لوتبەرزی بەسەر ئەرزەوە دەكەن؟!

كاتێكمان زانی، ئادەمیزاد قەڵەمی ئەژنۆمان شكاوە. تاقە پەنا و نوامان، ماڵ‌و مناڵ‌و سۆزی خێزان‌و دۆست‌و هاوڕێیان‌و ئازیزانە.

تكایە، لەم رۆژگارە نالەبارە، گللەیی لە حكومەتە گچكەكەی خۆمان مەكەن. ئەشهەدوو، ئەوەی لەدەستیان هات، درێغییان لەگەڵ گەلەكەمان نەكردو مایەی پێزانینە. رەخنەی تر دەگیرێ‌، ئازادییە. لەم بەدبەختیەی كۆرۆنادا، پێشمەرگانە هاتنە دەست.

خۆشەویستان!
نەخۆشیەو بەر دەرگەی گرتوین. خزاندینییە كونجی ماڵ. كوردە بزێوەكانیش، (ئەحۆل) ئاسا خوا پێی داوون. سەدان نوكتەیان لەسەر پیاوان، لەناو ماڵ‌و لەبەرامبەر كاباناندا، بۆ هەڵبەستون. واو.. یەكەمین جارە لەمێژوودا باوكسالاری (فت)‌و دایكسالاری بەداخەوە، بەشێوەیەكی كاتیی بوژاوەتەوە. رۆژ رۆژی سلێمانییە حەیاتەكەیە.. رۆژی قسە خۆشەكانی كوردستانە. نوكتە دەكەن بە سەر كۆرۆنا..!!

كەسەكان!
هەموان دەزانین چی باوە. خۆ زەمانی دڵداریەكەی شادڕەوان دڵشاد مەریوانی‌و دەنگە بەسۆزەكەی (عوسمان عەلی)مان لێ نەهاتووە، نەزانین چی باوە. ئەوەتا نەخۆشیەو رویداوە.

دەی.. با ماڵان بكەینە خۆشی‌و بەرنامەی نەرمی رۆژانە لەگەڵ دایك‌و باوك‌و هاوسەرو جگەرسۆزەكانمان. بە سۆزی كۆمەڵایەتی‌و گەردن ئازادی بیبەینە سەر. با پیاوان بیر بمێنێتەوە، دەسەڵات هەتا سەر قۆرغ ناكرێ‌. بەڵكو حیزبەكانیشمان فێری دەستاودەستكردنی دەسەڵات ببن.

گوێ‌ لە گۆرانی بگری. ئای كە حەسەن زیرەك لەم كاتەدا بۆ رەشبەڵەكی خێزانی خۆشە. وەی لە دەنگە بەسۆزەكەی ماملێ‌و خالقی‌و مەرزیەو فێنك‌و كەویارو لاساییكردنەوەكانی ئاگرین. ژنانی هونەرمەند خۆشبەختانە زۆرن‌و كێبەركێ‌ لەگەڵ پیاوانی هونەرمەند دەكەن. باوەڕتان هەبێ‌ گوێ‌ لە (ئەیاز زاخولی)‌و ئاوازەكانی د.دڵشادو گۆرانیە رەسەنەكانی بادینی بگرن، گوێ‌ لە تیپی مۆسیقای سلێمانی‌و سیاچەمانەی هەورامان‌و (دایە دایە وەختی جەنگە)ی لوڕی بگرن، بێ ئەوەی عەباسی كەمەندی دڵهەژێن‌و كامكارانی داهێنەر، عەدنان كەریمی ناوازەو بەهجەتی گۆرانی رەسەنی خەیاڵی سۆفیگەرا ببیستن، خەیاڵی تاڵی ئێستاتان بیردەبەنەوە. ئەوەی هۆگری ئاوازە ئاسمانیەكانی فارسیشە، شەجەریان، بەنان، مەرزیە، مەهەستی، هایدە، داریوش‌و موعین..تاد، مەستی خەیاڵات‌و شیعری رۆمانسی ئێرانتان دەكات. لە عەرەبیش، ئەوە كەلسوم، سەباح فەخری، كازم ساهیر، لەولاشەوە، فەیرۆزی بەیانیان‌و ئینجا ماجدە رۆمی خاوەن شاكار، جۆرج وسوف‌و ئەلیسا.. بەینی خۆمان بێ‌، هەندێك گۆرانیبێژی خۆمانەو بێگانەش هەن، با بێتاقەت نەبن، بەلایانا مەڕۆن!

دڵنیاشم، زۆرن ئەوانەی لە ناخ‌و روحەوە، هەمیشە لەگەڵ ئایینی خۆشەویستی‌و سۆفیگەرای خۆڕسكین.. باشترین رۆژگارە بچنە خەڵوەتی ناخی خۆیانەوە!

ئازیزان!
ئەوەی هۆگرە، پێویستە یادەوەری ئەم رۆژانەی كەسوكارو هاوڕێ‌‌و دۆستانی بنوسێ‌، دڵنیام، بەشێكیان دەبێتە سەرچاوەی كۆمەڵناسی‌و دەرونناسی.

بنكەی روناكبیری گەلاوێژ رادەسپێرم، جوانترین شیعرو باشترین چیرۆك‌و نایابترین پەخشان‌و، رەخنە، كە لە كەرەنتینەی دڵخوازدا دەنوسرێ‌.. تەنانەت تابلۆی داهێنراویش، خەڵات بكەن.

مەخابن، هیچم لەدەست نایەت، تەنها ئەوە نەبێ‌ ژمارە تەلەفۆنی سكرتێرەكانم دەنوسم.. هەتا (150) كەمدەرامەت، ئەوەی دەتوانم هاوكارییان دەكەم. خۆزیا پترم لەدەست هاتبا. دیارە ناویشیان نابەین! یەك بە یەكی نەتەوەكەمم خۆشگەرەكە.. چونكە كورد ئازادی هیچ نەتەوەیەكی تری زەوت نەكردووە.

بەهیوام.. بەزوترین كات، فێستیڤاڵی سەركەوتن بەسەر ئەم بەڵای ناگاهانەی كۆرۆنا، بگێڕین.

.....

ژمارە تەلەفۆنی سكرتێرەكانم
(هەرێم شەهید سالار 07701594396)
(دەژین دڵشاد 07702476362)

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن