پیسبوونی هەوا لە هەموو قۆناغەکانی تەمەندا زیان بە تەندروستیی مرۆڤ دەگەیەنێت

تەندروستی

17/04/2023     ژمارەی بینراو 295

راچڵەکین -

توێژینەوەیەکی نوێی بەریتانی دەریدەخات کە پیسبوونی هەوا لە هەموو قۆناغەکانی تەمەندا لە پێش لەدایکبوونەوە تا تەمەنی پیریی، کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دەبێت.

بەگوێرەی ئەو توێژینەوەی لە گۆڤاری The Journal بڵاوکراوەتەوە، پسپۆڕان بە پشتبەستن بە زیاتر لە ٣٥ هەزار توێژینەوە کە لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا ئەنجامدراون، لێکۆڵینەوەیان لە کاریگەرییەکانی پیسبوونی هەوا لەسەر مرۆڤ کردووە.

لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە کە پیسبوونی هەوا لە هەموو قۆناغەکانی تەمەندا لە پێش لەدایکبوونەوە تا تەمەنی پیریی، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە.

گرووپی توێژینەوەی تایبەت بە ژینگە لە کۆلێژی ئیمپریال لەندەن تیشکی خستووەتەسەر ئەوەی کە ماددەی زیانبەخشی PM2.5 و دووەم ئۆکسیدی نایترۆجین کە هەردووکیان لە گزۆزی ئۆتۆمبێلەکانەوە دەردەچن، زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنن.

لە توێژینەوەکەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی کە ماددەی PM2.5 تەنانەت لەو ناوچانەشدا کە رێژەی پیسبوونی هەوا تیایاندا کەمە، زیان بە تەندروستیی مرۆڤ دەگەیەنێت.

پسپۆڕان ئاماژەیان بەوە داوە کە پیسبوونی هەوا کاریگەریی هەیە لەسەر مردن لە تەمەنێکی زوودا و رایانگەیاندووە: "لە پشت نەخۆشییە درێژخایەنەکاندا کاریگەرییە بەرفراوانەکانی پیسبوونی هەوا هەن".

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە پیسبوونی هەوا زیان بە گەشەی کۆرپەلە دەگەیەنێت لەکاتی دووگیانییدا و جەخت لەوە کراوەتەوە کە پیسبوونی هەوا کاریگەریی زۆری هەیە لەسەر لەبارچوونی کۆرپە و کەمیی کێشی کۆرپە.

ئەوەشخراوەتەڕوو کە جگە لەوەی کە پیسبوونی هەوا لە قۆناغی منداڵییدا رێگری لە گەشەکردنی سییەکان دەکات، هاوکات زیان بە توانای بیرکردنەوە و تەندروستی دەروونی منداڵان دەگەیەنێت.

جەخت لەوەشکراوەتەوە کە لە تەمەنی پیرییدا، پیسبوونی هەوا ئەگەری مردن بە شێرپەنجە یان جەڵتەی مێشک زیاتر دەکات.

وەزارەتی تەندروستیی بەریتانیا، ئاشکرای دەکات کە ساڵانە نزیکەی ٤٣ هەزار کەس بەهۆی پیسبوونی هەواوە لەو وڵاتە گیان لەدەست دەدەن و هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر هیچ رێوشوێنێک نەگیرێتەبەر، ئەوا رەنگە تا ساڵی ٢٠٣٥ زیانەکانی پیسبوونی هەوا بگاتە ١٨،٦ ملیار پاوەند.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن