جەمال کۆچەر: خەمی مووچەتان نەبێت دۆخی هەرێم خۆش دەبێت

ڕاپۆرت

19/04/2023     ژمارەی بینراو 314

راچڵەکین –

ئەندامێکی لیژنەی کاروباری دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی عیراق دڵنیایی دەدات بەخەڵکی هەرێمی کوردستان کە خەمی مووچەیان نەبێت، چونکە هەرێم بەرەو هەڵبژاردن دەچێت و دەڵێت: من له‌و قه‌ناعه‌ته‌م هه‌تا دوای هه‌ڵبژاردن دۆخی هه‌رێم خۆش ده‌بێت".

جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی کاروباری دارایی و ئابوری لە پەرلەمانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "با خه‌ڵک دوودڵ نه‌بن و هیچ فشارێكی ده‌روونی له‌سه‌رخۆی دروست نه‌كات، ئه‌و حكومه‌تەی ئێستای عیراق حكومه‌تێكی تێگەیشتووه‌ واته‌ لێكتێگه‌یشتنی زۆره‌ له‌گه‌ڵ كوردستان."

وەک ئاماژە بە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کە بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ ئەنجام بردرێت، جەمال کۆچەر وتی"له‌بیرمان نه‌چێت هه‌ڵبژاردن له‌به‌رده‌ممان دایه‌؛ مادام هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌ مانای وایه‌ خزمه‌ت ده‌كه‌ن هه‌تا دوای هه‌ڵبژاردن. من له‌و قه‌ناعه‌ته‌م هه‌تا دوای هه‌ڵبژاردن دۆخی هه‌رێم خۆش ده‌بێت."

رۆژی سێشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی عیراقی بڕیاریدا بە ناردنی چوار سەد ملیار بۆ هەرێمی کوردستان. مانگی ڕابردووش بەهەمان شێوە حکومەتی عیراق چوار سەد ملیاری نارد بۆ هەرێمی کوردستان، کە حکومەتی عیراقی ڕایگەیاندووە، ئەو بڕە پارەیە وەک پێشینەیە تا پەسەندکردنی یاسای بودجەی عیراقی.

ناردنی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن حکومەتی عیراقیەوە بۆ هەرێم لە کاتێکدایە کە ماوەی زیاتر لە سێ هەفتەیە بەهۆی بڕیارەکەی دەستەی ناوبژیوانی لە دادگای پاریس، تورکیا هەناردەی نەوتی هەرێمی ڕاگرتووە. ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی دروستکردووە کە حکومەتی هەرێم هیچ داهاتێکی لەبەردەست نابێت بۆ مووچەی مانگی داهاتوو.

بەڵام جەمال کۆچەر پێی وایە تا پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجە، حکومەتی عیراقی پابەند دەبێت بە ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم.

ئەندامەکەی لیژنەی کاروباری دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی عیراق وتیشی، "من له‌و بڕوایه‌دام حكومه‌تی عیراقی ئاماده‌ ده‌بێت، چونكه‌ هه‌ر كه‌ له‌كۆتایی مانگی پێنج بودجه‌ په‌سه‌ندكرا ئه‌وكات ده‌توانن له‌ به‌شی هه‌رێم داببه‌زێنن ئیتر ده‌ستگرتنی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ حكومه‌تی عیراق شتێكی قورس و ئه‌سته‌م نییه‌، نه‌ک هه‌ر له‌ڕێگه‌ی حكومه‌ت، به‌ڵكو له‌ڕێگه‌ی بانكی مه‌ركه‌زی قه‌رزێكی كورتخایه‌ن بۆ یه‌ک یان دوو مانگ وه‌ربگرن."

ئەو پێیوایە پێش مانگی 6 پڕۆژە یاسای بودجەی عیراق ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت.

بڕیارەکەی دەستەی ناوبژیووانی لە دادگای پاریس دژی تورکیا، لەسەر سکاڵایەکی پێشتری حکومەتی عیراقی بوو. دوای ئەوە تورکیا پابەندبوونی خۆی بە بڕیاری دەستەکە ڕاگەیاند و هەناردەی نەوتی هەرێمی ڕاگرت.

لەگەڵ ئەوەی کە هەولێر و بەغدا ڕێککەوتنێکیان ئیمزا کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی سۆمۆوە، بەڵام تا ئێستاش تورکیا و عیراق نەگەیشتونەتە ڕێگاچارەیەک لەم بارەوە. سه‌رۆک وه‌زیرانی عیراق ڕۆژی شه‌ممه‌ ڕایگەیاند لە هەوڵدان بۆ ئەوەی لە چەند ڕۆژی داهاتوو جارێكی تر نه‌وته‌كه‌ هه‌نارده‌ بكرێته‌وه.

جەمال کۆچەر گەشبینی خۆی بەڕێککەوتنەکەی هەرێم و بەغداد دەربڕی بەوەی "بۆ عیراق و بۆ هه‌رێمیش باشه‌. "

ئەمە لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان چەندین ساڵە بە قەیرانێکی ئابووری تێپەڕدەبێت، بەشێوەیەک حکومەتی هەرێم بۆ چەندین مانگ نەیتوانیوە مووچەی فەرمانبەران بە تەواوی یان لە کاتی خۆیدا بدات.

ساڵی 2012 لای بەشێک لە چاودێران و خەڵکی هەرێمی کوردستان بەساڵی زێڕینی دۆخی باشی ئابوری هاووڵاتیانی هەرێم باس دەکرێت، بەوپێیەی لەو ساڵانەدا بەردەوام فەرمانبەرانی هەرێم مانگانە لەکاتی خۆیدا مووچەیان وەردەگرت و چەندین پێشینەش وەک هاوکاری دەدرایە هاووڵاتییان.

جەمال کۆچەر پێیوایە خەڵکی هەرێمی کوردستان بە دوو مەرج دەکرێت بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی خۆشگوزەرانی ساڵانی پێش شەڕی داعش.

جەمال کۆچەر دوو مەرجەکەی بەم شێوەیە ڕیزکرد: یه‌كه‌م، ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی كراوه‌ به‌ڕێوه‌بچێت، واته‌ هه‌رێم و به‌غداد هه‌ردوولا پابه‌ندبن پێوه‌ی. دووهەم حكومه‌تی هه‌رێم شه‌فاف بێت له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌گه‌ڵ به‌غداد دێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن