راچڵەكین-
ناوبژیوانی پۆڵەندیی، سیمۆن مارچینیاك یاری كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا (UEFA Champions League) بۆ ساڵی 2023 بەڕێوەدەبات كە لە ئیستانبوڵ لەنێوان یانەكانی مانچستەر سیتی و ئینتەرمیلان-دا بەڕێوەدەچێت.
دوای یاریی كۆتایی مۆندیالی 2022، سیمۆن مارچینیاك یاری كۆتایی گرنگترین پاڵەوانێتی تۆپی پێی ئەورووپا بۆ یانەكان، بەڕێوەدەبات.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی لەلایەن یەكێتیی تۆپی پێی ئەوروپاوە بڵاوكراوەتەوە، هەریەك لە پاوڵ سۆكۆڵنیكی و تۆماس لیستكیویز دەبنە یاریدەدەری مارچینیاك، هەروەها تۆماس كویاتۆڤسكی وەك یاریدەدەری ناوبژیوانی بۆ كاری ڤیدیۆ لە بەڕێوەبردنی یارییەكەدا بەشدار دەبێت، هاوكات ناوبژیوانی چوارەمی یارییەكە ئیستڤان كۆڤاچی رۆمانی دەبێت.
یاری كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپا رۆژی شەممە 10ی حوزەیران لە یاریگای ئۆڵۆمپی ئەتاتورك لە ئیستانبوڵ لەنێوان مانچستەر سیتی و ئینتەرمیلان-دا بەڕێوەدەچێت.