راچڵەكین-
وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان لە رێنماییەكی نوێدا بڕیاریدا مۆڵەتی بێ مووچە بۆ خزمەتی خانەنشینی هەژمار نەكرێت.
لەرێنماییەكی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان، كە لە 18ی حوزەیرانی 2025 دەرچووێندراوە، ئاماژە بەوە دراوە، بەپێی یاسای خانەنشینیی یەكگرتوو، لەمەودوا هەندێك خزمەت بۆ خانەنشینی هەژمار ناكرێن.
ئەوە خراوەتە ڕوو كە: "هەر ماوەیەكی خزمەت، ئەگەر پارەی لێبڕینی خانەنشینی بۆ نەدرابێت، بۆ خانەنشینی هەژمار ناكرێت."
بەپێی رێنماییەكە، مۆڵەتی بێ مووچە بۆ خانەنشینی هەژمار ناكرێت: "مۆڵەتەكانی بێ مووچە لە رێكەوتی دەرچوونی ئەم رێنماییە هەر فەرمانبەرێك مۆڵەتی بێ مووچە بكات بە خزمەت بۆی هەژمار ناكرێت، سەبارەت بەو فەرمانبەرانەی پێش ئەم رێنماییە مۆڵەتی بێ مووچەیان كردووە، بەپێی رێنوێنیی ژمارە 4 و ژمارە 14ی ساڵی 2015 بە خزمەت بۆیان هەژمار دەكرێت، بەمەرجێك پارەی لێبڕینی خانەنشینی بدەن."
جەختیش كراوەتەوە، هەر فەرمانبەر و كارمەندێكی حكوومی ئەگەر بچێتە زیندان، ماوەی مانەوەی لە زیندان بە خزمەت بۆ هەژمار ناكرێت.
ئەوەش روونكراوەتەوە، هەر راژەیەك بۆ خزمەتی فەرمانبەر كە زیاد كراوە، ئەگەر بەڵگەی پێویستی نەبێت، ئەوە ماوەكەی بۆ بە خزمەت هەژمار ناكرێت.
لەرێنماییەكەدا ئەوەش هاتووە: "ماوەی مۆڵەت بە نیومووچە و ماوەی دەستلەكاركێشانەوە (سەحب یەد)، بە نیو راژەی خانەنشینی هەژمار دەكرێت."
فەتحی مستەفا، شارەزای بواری كارگێڕی و وەزیفی بەمیدیای نزیك لەپارتی راگەیاندووە:"پێشتر مۆڵەتی بێ مووچەی فەرمانبەران و كارمەندانی حكوومی بۆ خزمەتی خانەنشینی هەژمار دەكرا، بەڵام ئەوەی تازەیە ئەوەیە، لەدوای دەرچوونی ئەم رێنوێنییەی دارایی، ماوەی مۆڵەتی بێ مووچە بۆ خزمەتی خانەنشینی هەژمار ناكرێت، بۆ نموونە، كەسێك مۆڵەت دەكات بۆ ماوەی 2 یان بۆ 5 ساڵ، لەكاتی خانەنشینیدا ئەو ماوەیە لادەدرێت و بۆ خانەنشینی هەژمار ناكرێت."
ئەو شارەزایەی بواری كارگێڕی و وەزیفی پێیوایە: " خاڵێكی نەرێنییە، وا دەكات فەرمانبەران و كارمەندانی حكوومەت مۆڵەتی بێ مووچە نەكەن."