راچڵەكین-
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، وەزارەتی دارایی فیدراڵ، بۆ مانگی 3 بەهەمان شێوە شایستەی مووچەی مانگەكانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی نەناردووە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری بڵاویكردووەتەوە:" هاوشێوەی مانگەكانی ڕابردوو لەگەڵ گەیشتنی تەمویلی موچەی مانگی ئازار وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ بڕی ( 21،407،595،375 ) بیست و یەك ملیارو چوار سەدو حەوت ملیۆن و پێنج سەدو نەوەدو پێنج هەزار دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی ئازار نەناردووە كە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەكانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی."
ئەوەش لەكاتێكدا دێت پێشتر وەزارەتی دارایی و ئابووری بڵاویكردبوەوە:" ڕۆژی پێنج شەممە 9ی نیسانی 2026 بڕی ( 957،122،000،000 ) نۆ سەد و پەنجاو حەوت ملیارو سەدو بیست و دوو ملیۆن دینار وەك شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی ئازار خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان لەلقی هەولێری بانكی ناوەندی عیراق. "
"بەهۆی ئەوەی پارەكە لە كۆتایی دەوامی فەرمی بانكی ناوەندی عیراق داخڵی سەر هەژماری بانكی وەزارەتمان بووە، وەرگرتنی پارە لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی عیراق دەكەوێتە ڕۆژی یەك شەممەو ڕاستەوخۆ هەمان ڕۆژ دوای وەرگرتنی پارەكە دەست بەدابەشكردنی مووچە دەكرێت." وەك لەراگەیەندراوەكەی وەزارەتی داراییدا هاتووە.