راچڵەكین -
ئەمریكا داوا لە حكومەتی عیراق دەكات لێكۆڵینەوە بەپەلە لەهێرشەكەی رۆژی 8ی ئەم مانگەی نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا بۆسەر دیپلۆماتكارانی ئەمریكا بكات و سزای ئەو كەسانەش بدات دەستیان لە هێرشەكەدا هەبووە.
باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا بڵاویكردەوە، شەوی رابردوو بۆ جاری پێنجەم لیژنەی هەماهەنگیی باڵای هاوبەشی نێوان ئەمریكا و عیراق كۆبوونەوە بۆ تاووتوێكردنی چۆنیەتی هاوكاریكردن لەپێناو رێگریكردن لە ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی دژ بە دامەزراوەكانی ئەمریكا و كارمەندەكانی لە عیراقدا.
باڵیۆزخانەی ئەمریكا پێزانینی خۆی دەربڕیوە بەرامبەر پابەندبوونی حكومەتی عیراق بە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی بەپەلە و سزادانی ئەو كەسانەی دەستیان هەبووە لەو بۆسەیەی كە رۆژی 8ی ئەم مانگە، دیپلۆماتكارانی ئەمریكایان لەنزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا كردە ئامانج.