راچڵەكین-
وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ درێژكردنەوەی ماوەی خزمەتی ئەو مامۆستا و سەرپەرشتیارانەی لە 1ی تەمووزی ئەمساڵەوە خانەنشین دەبن، نووسراوێكی دەركرد.
وەزارەتی پەروەردە لەنووسراوێكدا كە رۆژی 29ی تەمووزی 2025، دەرچووە، ئاماژە بەوە كراوە لەسەر رێنوێنی و بڕیاری وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان ئاگادارتان دەكەینەوە: "ناوی ئەو مامۆستا و سەرپەرشتیارانەی پەروەردەمان بۆ رەوانە بكەن كە لەدایكبووی 1ی 7ی 1965ن و لە 1ی 7ی 2025 خانەشین دەبن و دەیانەوێت تاوەكوو 31ی12ی2025، بەردەوام بن لە خزمەت."
ئەوەش لە نووسراوەكەدا هاتووە: "پێویستە ئەو مامۆستا و سەرپەرشتیارانە داواكاری پێشكەشی پەروەردەی قەزاكانی خۆیان بكەن و لە رێگەی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان بۆمان بەرز بكرێتەوە، بە مەربەستی دیراسەكردن و رەزامەندی."
بەپێی رێنوێنیی دارایی ژمارە 3ی ساڵی 2025، وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، كە لە 18ی 6ی 2025 دەرچووە "وەزیر، یان سەرۆكی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت، یان پارێزگار، بۆیان هەیە كۆتایی ساڵی رۆژژمێری، بە رێكەوتی لەدایكبوون هەژمار بكەن، لەبری (1ی7) لەو ساڵەدا."
سوهێل تاهیر عەبدوڵا، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە یەكەی سەرپەرشتیاری، بە میدیای نزیك لەپارتی راگەیاندووە: "ئەو مامۆستا و سەرپەرشتیارانەی ئارەزوو دەكەن لەبری 1ی7 تاوەكوو كۆتایی ساڵ بەردەوام بن لە ئەرك و وەزیفە، دەتوانن داواكاری پێشكەش بكەن و سوودمەند بن لە بڕیاری وەزارەتی دارایی."
ئاماژەی بەوەش دا: "بڕیارەكە كارێكی باشە، چونكە لەمساڵدا زیاتر لە 30 هەزار فەرمانبەر و مامۆستا خانەنشین كراون، دواخستنی خانەنشینییان وا دەكات مامەڵەكانیان باشتر رایی بكرێت و بۆشاییش لە قوتابخانەكان دروست نەبێت."
بەشێك لەو فەرمانبەر و مامۆستایانەی هەرێمی كوردستان كە تەمەنیان دەگاتە 60 ساڵ، دەكەونە 1ی7، چونكە ساڵانی شەست و حەفتاكان بەهۆی نادیاریی رۆژی لەدایكبوونیان ناسنامەی لەدایكبوونیان لە 1ی7 بۆ تۆمار كراوە.