شەڕ و پێكدادان لەنێوان هێزەكانی ئێران و تاڵیبان روویدا

جیهان

27/05/2023     ژمارەی بینراو 286

راچڵەكین -

لەسەر سنووری نێوان ئێران و ئەفغانستان، شەڕو پێكدادان لەنێوان هێزەكانی پاسەوانی سنووری ئێران و هێزەكانی تاڵیبان روویداو فەرماندەیەكی ئێرانیش رایدەگەیەنێت، تاڵیبان دەستپێشخەر بووە.

ئاژانسی نیمچە فەرمیی هەواڵی فارسی ئێرانی بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ شەممە لە نزیك بنكەی سنووریی ساسولی لە شارۆچكەی هیرمەندی سەربە پارێزگای سیستان - بەلوجیستان، پێكدادان لەنێوان هێزەكانی سنووری تاڵیبان و پاسەوانی سنووری ئێران روویداوەو بەهۆیەوە دوو چەكداری هێزەكانی پاسەوانی سنووری ئێران كوژران.

هاوكات، تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاویكردەوە، پێكدادانەكە كە هێشتا هۆكارەكەی نازانرێت، كۆتایی هاتووە و بەرپرسی سەربازیی هەردوولا لەسەر سنوور بۆ هەڵسەنگاندنی هۆكاری پێكدادانەكە، لە كۆبوونەوەدان.
 
قاسم رەزایی، جێگری فەرماندەی گشتیی دامەزراوەی ئاسایشی ئێران، كە یەكەم راگەیەندراوی فەرمیی ئێرانی لەسەر پێكدادانەكە بڵاوكردەوە، ئاماژەی بەوەكرد كاتژمێر 10ی بەیانی بەكاتی ناوخۆی ئێران، هێزەكانی تاڵیبان بەچەكی قورس تەقەیان لە بنكەی سنووریی ساسولی كردووە و هێزەكانی پاسەوانی سنووریی ئێرانیش وەڵامیان داونەتەوە.

رەزایی، باسی لەوەشكرد كە پێكدادانەكە دواتر كۆتایی هاتووە و پێش چەند كاتژمێرێك دووبارە دەستیپێكردووەتەوەو تائێستاش بەردەوامە.

فەرماندە ئێرانییەكە، ئەوەشی خستەڕوو، هەر لەدوای دەستپێكردنی پێكدادانەكان فەرماندەی فەرماندەی گشتیی دامەزراوەی ئاسایشی ئێران، ئەحمەد رەزا رادان فەرمانی بە هێزەكانی پاسەوانی سنوور كردووە كە بەشێوەیەكی توند وەڵامی پێشێلكردنی سنوور و هێرشەكان بدەنەوە.

هێشتا هیچ روونكردنەوەیەك لەلایەن تاڵیبانەوە لەسەر پێكدادانەكان بڵاونەكراوەتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن