سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی: هیچ هەوڵێك بۆ لەتکردنی هەرێمی کوردستان لەئارادا نییە

کوردستان

28/05/2023     ژمارەی بینراو 173

راچڵەکین –

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی رایدەگەیەنێت: هیچ هەوڵێك بۆ لەتکردنی هەرێمی کوردستان لەئارادانییە و جگە لەو دوو بڕگەیەی باسی گەڕاندنەوەی پاشەکەوت و مافی پارێزگاکان دەکات، تێبینییان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە هەیە.

هەرێم کەمال ئاغا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند"کۆمەڵێک کاری نا دادپەروەری وایکرد یەکێتی هەڵوێستی هەبێت و هیچ هەوڵێک بۆ لەتکردنی هەرێم لە ئارادا نییە، ناتەبایی هەرێم دەخاتە مەترسییەوە نەک شتی تر، هیچ یاسایەکیش ناتوانێت کاریگەری لەسەر پێگەی هەرێم دروست بکات."

هەرێم کەمال ئاغا ڕوونیشیکردەوە کە مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی پێکەوە دانیشتوون و لەیەکتر نزیکبوونەوەکان قۆناغی باشیان بڕیووە، وتیشی"بۆیە ئەو بڕگەیەی لە پرۆژە یاسای بودجە کە باس لە پێدانی شایستەی دارایی هەر پارێزگایەک دەکات لەلایەن حکومەتی عیراقەوە گەر گازندەی هەبێت، بڕگەیەکی ئاساییە و کاریگەری نابێت."

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی وتی "گەر ستەم لە دهۆکیش بکرێت ئەم بڕگەیە دەیگرێتەوە و دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات، کەواتە بڕگەکە تایبەت نییە بە سلێمانی، ئەمەش دەرئەنجامی ناکۆکی بوو، مادام سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی دانیشتوون و لێکتێگەیشتن دروستبووە، ئەم برگەیە هیچ کاریگەری نابێت."

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕوونیکردەوە، تێبینییان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی عیراق هەیە و تەنها دوو بابەت پێشنیاری ئەوان بووە، بابەتی گێڕانەوەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران و بابەتی دادپەروەری لە نێوان پارێزگاکان، تا گەرەنتی هەبێت پارێزگایەک هەست بە ماف خوراوی نەکات.

لە پرۆژەیاساکەدا هەرێمی کوردستان پابەند کراوە بە فرۆشتنی 400 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، لەکاتێکدا ڕێگریشی لێکراوە لە دەرهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی خورمەڵە و شێخان کە پێشتر دوو سەد هەزار بەرمیل نەوتییان لەلایەن هەرێمەوە لێ دەرهێنراوە.

هەرێم کەمال ئاغا، وتی"ئێمە تێبینیمان لەسەر ئەم مادەیە هەیە، چۆن داوای 400 هەزار بەرمیل لە نەوت بکرێت و لەولاشەوە دەرهێنانی نەوتی لە بیرە نەوتییەکان لێ قەدەغە بکرێت، دەکرێ ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن."

وتیشی"بەهۆی بایکۆتکردنی تیمی یەکێتی لە حکومەت، تیمی پارتی گفتووگۆیان لەگەڵ عیراق کردووە و ئەوان بەرپرسیارن، بۆیە دەبێت هەوڵی هەموارکردنەوەی ئەم مادانە بدەین."

سەبارەت بەو برگەیەی تایبەتە بە سەرپەرشتیکردنی دەروازە سنورییەکان لەلایەن عیراقەوە، هەرێم کەمال ئاغا وتی"فرۆکەخانە و دەروازە سنورییەکان بابەتی دەستورین، بەڵام ئەو لیوا کوردانەی پۆلیسی سنور کە سەر بە عیراقن و ناوچە سنورییەکان دەپارێزن کوردن."

هەرێم کەمال ئاغا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی جەختیشیکردەوە جگە لە پاشەکەوتی موچە و دادپەروەری نێوان پارێزگاکان، تێبینییان لەسەر مادەکانی تری پرۆژە یاسای بودجە هەیە و پێشنیاریان بۆ هەموارکردنەوەی پێشکەشکردووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن