یەکێتی بە راگەیەندراوێك وەڵامی پارتی دەداتەوە

کوردستان

28/05/2023     ژمارەی بینراو 276

راچڵەکین –

فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق وەڵامی تۆمەتەکانی فراکسیۆنی پارتی دەداتەوە سەبارەت بەو گۆڕانکارییانەی لە پرۆژەیاسای بودجەدا کراون و رایدەگەیەنێت: " ھیچ کەس و لایەنێك ناتوانێت لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەکاندا موزایدە بەسەر ئێمەوە بکات".

ئەمڕۆ شەممە، وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

ماوەی چەند رۆژێکە بەزمانێکی نەشیاو و نەگونجاو لەگەڵ پایە و سەنگی پەرلەمانتاری، فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەیاننامە و لێدوان بڵاودەکەنەوەو دەیانەوێ خەڵکی کوردستان چەواشە بکەن و خەریکی موزایدەی سواون.

لەبەر بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و موراعاتکردنی ھەستیاری دۆخەکە وسەرقاڵبوونمان بە چەسپاندنی داوا ڕەواکانی خەڵک لە بودجە، نەمانوویست وەڵامبدەینەوە و بچینە ئاستی ئەو زمانە نزم و نەشیاوەی ئەوان.

تەنھا ئەوەندە دەڵێن، ھیچ کەس و لایەنێک ناتوانێ لە مەسەلەی دیفاعکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان لەبەغدا و پاراستنی ھەرێمی کوردستان و پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەکاندا موزایدە بەسەر ئێمەوە بکات.

ھیچ ھێزێکی کوردستانی ھێندەی ئێمە پەرۆشی یەکریزی کوردستانی نەبووە لە بەغدا، ئەوە ئێمە نەبووین لەبەر پۆست ‌و بەرژەوەندی تەسکی حزبی یەکریزی بشکێنین.

سەبارەت بەو ‌قسە بێسەروبەرانەی  لەسەر بەرێز قوباد تاڵەبانی دەکرێ  گوایە پەیوەندی بە ھەندێک پەرلەمانتاری عیراقەوە کردوە، ئەمە ھێج بنەمایەکی نیە و ھەڵبەستراوە، کاک قوباد تەنھا پەیوەندی بەنوێنەری یەکێتی لە لیژنەی دارایی کردوەو رێنمایی کردوە کە بۆ چەسپابدنی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان ھەوڵبدات. تەنھا ئەوەندە دەڵێن، کاتێ ھەرێمی کوردستان لەبەردەم ھەرەشەی گەورەی قەیرانی دارایی بوو، ئێوە گاڵتەتان بەرێکەوتن لەگەڵ بەغدا ئەھات و خەڵکی کوردستان بێمووچە بوون، کاک قوباد (١١) جار سەرۆکایەتی وەفدی دانوستانکاری ھەرێمی کرد و (٢٥٦) سەعات کۆبونەوەی لەگەڵ لایەنە عیراقیەکاندا کردو (٥٠) رۆژ لە بەغدا ماییەوە تا (٢٠٠) ملیارەکە دەستەبەر بکات.

لە کۆتاییدا رایدەگەیەنین رێگا ڕاستەکە تەبایی و یەکریزی کوردستانی ڕاستەقینەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، مەترسی ڕاستەقینەش لەسەر ھەرێم پەرتەوازەیی و ئاژاوەی سیاسی و گووتاری بوغرایی ئاست نزمی سیاسیە.

وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی 

لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن