یەكەمین سكاڵا لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا تۆمار دەكرێت

جیهان

28/05/2023     ژمارەی بینراو 346

راچڵەكین -

بەتۆمەتی سەرپێچیكردن لە یاسای هەڵبژاردن لەكاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا، پارێزەرێكی سەر بە پارتی دادو گەشەپێدان، سكاڵا لەدژی بێژەرێك و ئەندامێكی ئەنجوومەنی سندوقی پارتی سەوزی چەپ تۆمار دەكات.

میدیاكانی توركیا بڵاویانكردەوە، لە قەزای سەفەریهیسار سەر بە پارێزگای ئیزمیر، بێژەر فاتیح پۆرتەكاڵ لە كاتێكدا دەنگەكەی دەكردە ناو سندوقەوە، بەدەست هێمای "سەركەوتن"ی كرد و بەو شێوەیەش وێنەی گرت، بەهۆی ئەم كارەشەوە سكاڵا لە دژی پۆرتەكاڵ و ئەندامێكی ئەنجوومەنی سندوقی پارتی سەوزی چەپ تۆمار كرا.

پارێزەر عارف یەغەن، بەناوی ئاك پارتییەوە سكاڵای تۆمار كردووە و لەو سكاڵانامەیەی كە پێشكەشی سەرۆكایەتی داواكاری گشتی كۆماریی سەفەریهیساری كردووە، ئەوەی خستووەتەڕوو كە فاتیح پۆرتەكاڵ لەكاتێكدا دەنگەكەی خستووەتە ناو سندوقەوە، وەك بانگەشەیەكی هەڵبژاردن، هێمای "سەركەوتن"ی كردووە و بەو شێوەیەش وێنەی گرتووە، هەروەها ئەندامێكی ئەنجوومەنی سندوقی پارتی سەوزی چەپ بە ناوی (ی.د) هەمان هێمای كردووە و بەو شێوەیە وێنەی گرتووە، ئەمەش پێچەوانەی یاساكانی هەڵبژاردنە.

لە سكاڵانامەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە ئەم جۆرە هێمایە پێچەوانەی یاسای ١٣٥ی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنە لە توركیا و هەربۆیە داواكراوە كە داوای یاسایی دژی بێژەرەكە و ئەندامەكەی ئەنجوومەنی سندوقی پارتی سەوزی چەپ تۆمار بكرێت.

پارێزەرەكەی ئاكپارتی داواكارییەكەی پێشكەشی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی هەڵبژاردنی سەفەریهیسار كرد و تیایدا داوایكرد ئەندامەكەی ئەنجوومەنی سندوقی پارتی سەوزی چەپ لەو ئەركە دووربخرێتەوە كە لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا پێی سپێردراوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، پرۆسەی دەنگدان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا كۆتایی هخات، كە كێبڕكێیەكی بەهێز لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و كەمال كڵچدار ئۆغڵو بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆككۆماری ئەو وڵاتە هەیە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن