كۆمەڵ لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستان هۆشداری دەدات

کوردستان

28/05/2023     ژمارەی بینراو 611

راچڵەكین -

كۆمەڵی دادگەری، راگەیەندراوێك لەبارەی دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت، ئەو كۆبوونەوەیەی پەرلەمان و ئەو ‏دەرئەنجامانەی ‏لێی كەوتووەتەوە لەسەر كۆمیسیۆن، جێگەی سەرنج و ‏ڕەخنەن و مەترسیمان ‏هەیە ئەم جۆرە كارانە هەرێم بەرەو هەڵوەشاندنەوە ‏ببات.

لەو راگەیەندراوەدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاویكردووەتەوە، ئەنجوومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەریی، ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ بۆ یەكخستنی هێز و دەنگە ‏ناڕازییەكانی ‏دەرەوەی دەسەڵات‏، لەپێناو "گێڕانەوەی هیوا و متمانە" بۆ هاووڵاتیان و ئامادەبوونیان ‏لەبەردەم ‏سندوقەكانی هەڵبژاردن.

دەقی راگەیەندراوەكە:


ڕاگەیەنراوێك لە ئەنجوومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەرییەوە

كۆمەڵی دادگەری كوردستان نیگەرانە لەو بارودۆخەی لە پەرلەمانی ‏كوردستان ‏هاتووەتە ئاراوە و پارتە دەسەڵاتدارەكان نەیانویست لە ماوەی ‏یاسایی تەمەنی ‏پەرلەمان كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن كارا بكەنەوە و ‏هەمواری یاسای هەڵبژاردن ‏بكرێت، تا بەشێوەیەكی نایاسایی ماوەی ‏پەرلەمان درێژ كرایەوە و بەو هۆیەوە ‏وەك هەڵوێست و دەربڕینی ‏ناڕەزایەتیی فراكسیۆنی كۆمەڵ و چەند ‏فڕاكسیۆن و پەرلەمانتارێكی دیكە ‏دەستیان لە كار كێشایەوە.‏

لەم قۆناغەدا و لە پرسی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ‏ڕاپرسی ‏كۆمەڵی دادگەریی پێی وایە ئەو كۆبوونەوەیەی پەرلەمان و ئەو ‏دەرئەنجامانەی ‏لێی كەوتووەتەوە لەسەر كۆمیسیۆن، جێگەی سەرنج و ‏ڕەخنەن و مەترسیمان ‏هەیە ئەم جۆرە كارانە هەرێم بەرەو هەڵوەشاندنەوە ‏ببات.

تایبەت بە پرسی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان، كۆمەڵی ‏دادگەری ‏لەپێناو گێڕانەوەی هیوا و متمانە بۆ هاووڵاتیان و ئامادەبوونیان ‏لەبەردەم ‏سندوقەكانی هەڵبژاردن و كۆتاییهێنان بەو بارودۆخەی دەسەڵات ‏بەسەر ‏هاوڵاتیانیدا هێناوە، ئامادەیی بۆ یەكخستنی هێز و دەنگە ‏ناڕازییەكانی ‏دەرەوەی دەسەڵات هەیە و كاریشی بۆ دەكات.‏

سەبارەت بە پرسی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانیش لە ‏پڕۆژەیاسای ‏بودجەی عێراق و ئەو بڕیارانەی لیژنەی دارایی لەسەری ‏ڕێككەوتوون و ئەو ‏ڕاجیایی و ناكۆكییەی لەنێوان لایەنەكان دروست ‏بووە، كۆمەڵی دادگەری پێی ‏وایە بودجە ڕەهەندێكی نیشتمانی هەیە و ‏پەیوەستە بە هەموو تاكێكی عێراق ‏و كوردستانەوە، دەبوو نوێنەرانی ‏كورد لە فڕاكسیۆنە جیاوازەكان لەسەر ‏بەدەستهێنانی مافی هاووڵاتیانی ‏كوردستان لە بودجەدا دوور لە موزایەدە و ‏بازرگانی لەسەر حسابی ‏هاووڵاتی یەكدەنگ بوونایە‎.‎

ئەنجوومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەریی

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن