عیراق ئاماری هەناردەو داهاتی نەوت بۆ مانگی ئایار بڵاودەكاتەوە

ئابوری

01/06/2023     ژمارەی بینراو 199

راچڵەكین -

وەزارەتی نەوتی عیراق كۆی هەناردەی نەوت و داهاتەكەی بۆ مانگی ئایاری ئەمساڵ بڵاوكردەوەو بەپێی ئامارەكەش، داهاتەكە بەراورد بە مانگی رابردوو، نزیكەی 500 ملیۆن دۆلار كەمتر بووە.

وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ 1-6-2023 بڵاویكردەوە، ئاماژەی بەوەكردووە، پشتبەستن بە ئامارێكی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، مانگی ئایار بڕی هەناردەكراوی نەوتی خاو بۆ دەرەوەی عیراق گەیشتووەتە 102 ملیۆن و 463 هەزارو 387 بەرمیل، كۆی داهاتەكەشی حەوت ملیار و 306 ملیۆن دۆلار بووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو كە لە مانگی رابردوودا، رۆژانە بە تێكڕا سێ ملیۆن و ٣٠٥ هەزار بەرمیل نەوت هەناردەكراوە، نرخی هەر بەرمیلێكیش بەتێكڕا 71 دۆلارو 30 سەنت فرۆشراوە.

ئامارەكە دەریدەخات داهاتی عیراق لەفرۆشتنی نەوت لەمانگی ئایار بەراورد بە مانگی نیسانی ئەمساڵ، 493 ملیۆن دۆلار كەمتر بووە، بەو پێیەی داهاتی مانگی نیسان حەوت ملیارو 799 ملیۆن دۆلار بووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن